رۆژنامەی ماركا: "مێژووی مێسی لە كریستیانۆ سپیـتر و باشترە"

لیۆنێل مێسی كاپتنی یانەی ئینتەر مەیامی لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ كاپتنی یانەی نەسری سعودیە
لیۆنێل مێسی كاپتنی یانەی ئینتەر مەیامی لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ كاپتنی یانەی نەسری سعودیە

سەرەڕای تێپەڕبوونی 3 رۆژ بەسەر كارتە سوورەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریی كلاسیكۆی نێوان نەسر و سعودیە، بەڵام رۆژنامەیەكی مەدریدی بە مانشێتێكی گەورە برینەكانی هەوادارانی ئەستێرە پۆرتوگالییەكەی كولاندووەتەوە و نووسیویەتی: مێژووی مێسی لە هی كریستیانۆ سپیتر و پاكترە.
دوای ئەوەی دووشەممەی رابردوو لە قۆناغی پێشكۆتایی جامی سوپەری سعودیە یانەی نەسر 2 ـ 1 بە هیلال دۆڕا، لەو یارییە كریستیانۆ رۆناڵدۆ كارتی سووری وەرگرت.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانیا لە راپۆرتێكی شیكاریدا نووسیویەتی: كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە كاروانی وەرزشی خۆی بووە خاوەنی 12 كارتی سوور، لە بەرامبەردا لیۆنێل مێسی تەنیا 3 كارتی سووری وەرگرتووە، ئەمەش دەیسەلمێنێت لە ركابەری نێوان باشترینەكانی مێژوودا، مێسی ئەو كەسەیە كە باشترین رەفتاری وەرزشی هەیە.
رۆژنامەی ماركا جەختی لەوە كردووەتەوە كە مێژووی "مێسی لە هی كریستیانۆ سپیترە".
یانەی نەسر ئەم وەرزە بە دۆخێكی خراپ تێپەڕ دەكات، جامی سوپەری لەدەستداوە و تاڕادەیەك لە نازناوی خولی رۆشنی سعودیەش بێهیوا بووە، بەوپێیەی بەجیاوازی 12 خاڵ لە دوای یانەی هیلالی پێشەنگی خولەكە دێت. ئەمەش لە كاتێكدایە ئەمڕۆ لیۆنێل مێسی كاپتنی ئینتەر مەیامی لەگەڵ یانەكەی لە جامی كۆنكاكاف دۆڕان و ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتییەكە كرد.
رۆژنامەی ماركا ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە بریاردان لەسەر ئەوەی كامیان باشترین یاریزانی مێژوون قسەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام یەكلایی بووەتەوە كەسایەتی مێسی لە هەمووان باشترە.
لیۆنێل مێسی تەمەن 36 ساڵە، لە كاروانی وەرزشی خۆی بەشداریی لە 1054 یاریی كردووە، 827 گۆڵ و 364 ئاسیستی هەیە، لەبەرامبەردا كریستیانۆ رۆناڵدۆی 39 ساڵ تا ئێستا 1217 یاریی ئەنجام داوە، 885 گۆڵ و 250 ئاسیستی كردووە.

.
.