قەبارەی گەندەڵی لە دامودەزگاکانی حکوومەتی عێراق فراوانتر بووە

بەغدا- گۆڕەپانی تەحریر
بەغدا- گۆڕەپانی تەحریر

K24 – هەولێر:

قەبارەی گەندەڵی لە دامودەزگا کارگێڕییەکانی حکومەتی عێراق فراوانتر دەبێت، گەندەڵی گەیشتووەتە سەرچاوەی قوتی کەسوکاری شەهیدان و،  قوربانیانی زیندانیانی سیاسی لە عێراق و، لیژنەی شەهیدان و قوربانییانی زیندانە سیاسییەکان لە پەرلەمانی عێراق پەردە لەسەر چەند گەندەڵییەک لە رێوشوێن و رێکارەکانی ئەو دەستەیە لادەدات.

موختار موسەوی، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و قوربانییانی زیندانییە سیاسییەکان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەندێک مامەڵەی گوماناوی بۆ پێدانی مووچەی شەهیدان هەن و، هەندێک کەسیش لەدەرەوەی یاسا و رێنماییەکان مووچەی شەهیدانیان پێدراوە.

ناوبراو داواش دەکات پێداچوونەوە بەو مامەڵانە بکرێت و، بە پێویستیشی دەزانێت ئەو کەسانە ئاشکرا بکرێن کە لەپشت گەندەڵییەکانی ئەم دەستەیەوەن.

موسەوی روونی دەکاتەوە، جیاوازییەکی زۆر گەورە لەنێوان مووچەی شەهیدانی بەر لە ساڵی 2023 و مووچەی شەهیدانی دوای ئەو ساڵە هەیە. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، لە هەمانکاتدا جیاوازی زۆر لەنێوان مووچەیەک و مووچەیەکی دیکە بەهەمان پلە هەیە.

مانگی شووباتی ئەمساڵ دەستەی دەستپاکی فیدراڵی داوای لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق کردووە، رێکاری یاسایی دژی ئەو کارمەندانە بگرێتەبەر کە دەستیان هەبووە لە ساختەکردنی مامەڵەکانی قەرەبووکردنەوە، هاوکات دەستەکە ئاشکرای کردووە، ژمارەیەکی زۆر لە "تیرۆریستان و داواکراوان" لە یاسای پێدانی مووچە لە دامەزراوەکەدا جێگیرکراون.

ئەو ئەندامەی لیژنەی شەهیدان و قوربانییانی زیندانییە سیاسییەکان لە پەرلەمانی عێراق دووپاتیشیكردووه‌ته‌وه‌، بڕیارەکانی قەرەبووکردنەوە لەو دەستەیەدا، کەوتوونەتە ژێر کۆنتڕۆڵ و کاریگەری لایەنە کاریگەرەکان و، بەهۆیەوە چەندین ترلیۆن دینار لە سامانی گشتی عێراق بەهەدەر دەدرێت.