کاروان ستوونی: به‌هۆی هه‌نگاوه‌كانی حكوومەتەوە نرخی عومره‌ هه‌رزان بووه‌

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە رایگەیاند، بەشێکی زۆر لە ئامادەکارییەکانی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ تەواوبووە و چاوەڕێ دەکەن مانگی داهاتوو حاجییانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانی بۆ سعوودیە گەشت بکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە (11ـی نیسانی 2024) کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردن لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند: بەردەوامین لە ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ و تاوەکو ئێستاش بەشێکی زۆر لە ئامادەکارییەکان کۆتاییهاتووە.

کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەکرد: ئەمساڵ یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان ڤیزای حاجییان وەردەگیرێت و ساڵانی پێشوو دەبوایە پاسپۆرتەکان رەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکرێت کە هەندێک جار کێشەی دواکەوتن لە گەڕانەوەیان دروست دەبوو

لەبارەی ژمارەی حاجییانی هەرێمی کوردستان و تێچووی گەشتەکەیان، کاروان ستوونی ئاشکرایکرد: هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان، ئەمساڵ ژمارەی حاجییانی هەرێمی کوردستان بریتییە لە چوار هەزار و 685 کەس.

ستوونی ڕوونیکردەوە: سێ هەزار و 185 حاجی بە فڕۆکە گەشت دەکەن کە تێچووی حەج بۆ ئەمساڵ بە فڕۆکە بریتییە لە شەش ملیۆن و 650 هەزار دینار، هەروەها هەزار و 500 حاجیش لە ڕێگەی وشکانییەوە گەشت دەکەن کە تێچووی حەجەکەیان بریتییە لە پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینار.

هاوکات گوتیشی: دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بە پاڵپشتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێچووی حەج لە هەرێمی کوردستان هاوتای تێچووی حاجییانی ناوچەکانی دیکەی عێراق کرا، بەهۆی ئەوەی پێشتر بەغدا پارەی حاجییانی بە دۆلار داوا دەکرد و حاجییانیش بە نرخی بازاڕ نەک بانکی ناوەندیی دۆلاریان دەکڕی بەڵام ئەمساڵ دوای ژمارەیەک لە کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ بەغدا ئەو کێشەیە چارەسەرکرا.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەو بڕە پارەیەی لە بەرامبەر تێچووی حەج وەردەگیرێت، هەموو خزمەتگوزارییەکان لەخۆدەگرێت، وەکو شوێنی نیشتەجێبوون، خواردن و هاتووچۆ و چاودێری تەندروستی بەردەوام و پێشکەشکردنی رێنمایی ئایینی.

لەبارەی کەمکردنەوەی نرخی گەشتی عومرە، کاروان ستوونی ڕایگەیاند، بەهۆی گۆڕانکاری لە ڕێنماییەکانی دامەزراندنی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە و هەندێک رێکاری ئیداری لەوانەش ئەوانەی لەو کۆمپانیایانە کاردەکەن نابێت فەرمانبەری حکوومی بن، ئەوەش لەپێناو زیاتر رەخساندنی هەلی کار، بۆیە کاریگەری لەسەر نرخی گەشتەکانی عومرە دروستکردووە، بۆیە ئێستا گەشتکردن لە رێگەی وشکانییەوە بە (پاس) دەگاتە 400 دۆلار و لە ڕێگەی فڕۆکەشەوە نزیکەی 500 دۆلارە.

ستوونی جەختیشی کردەوە کە لە رێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەوە بەردەوام چاودێری کۆمپانیاکان دەکەن و بەدواداچوونی بۆ سکاڵای هاووڵاتییان دەکەن و رێکاری پێویستیش دەگرنەبەر لەکاتی بوونی هەر کەموکوڕییەکدا لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە جارێکی دیکە هۆشداریدایە هاووڵاتییان کە لە رێگەی ڤیزای بازرگانی یاخود ڤیزای ساڵانە هەر جۆرێکی دیکە کە فەرمی نییە تایبەت بێت بە گەشتی عومرە یان حەج، ئەوا لەکاتی ئاشکرابوونیان لە سعوودیە ڕێوشوێنی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر و وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیاریەتی هەڵناگرن و هیچ کارێکیش ناکرێت چونکە لەو وڵاتە بۆ حەج کردن پێویستی بە ڕێگەپێدانە و لە دەرەوەی ئەو ڕێکارە بە نایاسایی دادەنرێت و سزای بۆ دانراوە کە بریتییە لە سزای پێبژاردن بە بری 50 هەزار ریال کە دەکاتە 15 هەزار دۆلار لەگەڵ شەش مانگ بەندکردن و مۆرکردنی پاسپۆرتەکەی کە بۆ ماوەی 10 ساڵ ئەو کەسە مافی گەشتکردنی بۆ وڵاتی سعوودیە نابێت.