رێکخراوێکی نێودەوڵەتی: عێراق پاشەکشەیەکی بەرچاوی لە دیموکراسییەتدا کردووە

ئـاڵای عێراق
ئـاڵای عێراق

K24 - هـەولێر

دوای 21 ساڵ لە دروستبوونی دەوڵەتی نوێ و خەونی عێراقییەکان بۆ بەرجەستەبوونی دیموکراسییەت لە وڵاتەکەیاندا، بەڵام ساڵ بە ساڵ ئەو پرۆسەیە لە پاشەکشەدایە.

رێکخراوی ئیکۆنۆمیست ئینتیلیجێنتسی بەریتانی لە راپۆرتێکی پۆلێنبەندی وڵاتانی جیهان کە بۆ هەڵسەنگاندنی رێژەی دیموکراسییەت تێیاندا ئەنجامی داوە، عێراق لە ناوچەی سەوزی پۆلێنبەندییەکەدایە و پاشەکشەیەکی بەرچاوی کردووە، بە جۆرێک وڵاتەکە کەوتووەتە نێو هێڵی حوکمڕانی خۆسەپێنەوە.

لە راپۆرتەکەی ئیکۆنۆمیستدا هاتووە، لەکۆی 165 وڵاتی جیهان، عێراق لە پلەی 128ـەمیندایە و چوار پلەی دیکە لە ریزبەندییەکەدا دابەزیوە و تەنها 2.88 خاڵی بەدەستهێناوە، بەجۆرێک لەدوای ساڵی 2006ـەوە ئەمە نزمترین ئاستە کە عێراق تۆماری کردبێت و وڵاتەکە کەوتووەتە نێو هێڵی سووری پۆلێنبەندییەکەوە و رێکخراوەکە شێوازی حوکمڕانی لە عێراق بە خۆسەپێن پێناسە دەکات.

رێکخراوەکە پاشەکشەی دیموکراسی لە عێراقدا بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێنێتەوە، ئەوانیش، زۆربوونی گرووپی چەکدار و میلیشیایی، پێشێلکردنی ماددەکانی دەستوور، باوەڕنەبوون بە پێکەوەژیان، بیری تاکڕەوی و پێشێلکردنی مافی رۆژنامەنووسانە.

توێژەرێکی سیاسیش ئاماژە بەوە دەدات، قۆستنەوەی مەلەفی ئازای و مافەکانی مرۆڤ لە ململانێی سیاسیدا دیارترین تایبەتمەندی سیستەمی دەسەڵاتی خۆسەپێنی دوای دروستبوونی دەوڵەتی نوێیە لە عێراقدا، دەشڵێت، هێشتا ئاماژەیەکی روون بۆ بوونی ڕەوتێکی سیستماتیکی بۆ تێکدانی دیموکراسی لە وڵاتدا هەیە.