ئازاد نووری: ساڵ بەساڵ پلانەکانی ژینگە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری هونەری لە دەستەی ژینگە ڕایگەیاند، پلانمان ئەوەیە چۆن بتوانین گەشتیار وا لێبکەین ئەو پاشماوەی خواردنە کۆبکەنەوە و ببەنە شوێنی دیاریکراو.
ئازاد نووری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری هونەری لە دەستەی ژینگە، بە کوردستان24ـی گوت: دەستەی ژینگە پلان و بەرنامەی خۆی داناوە کە لە چەندین خاڵ پێکدێت و پەیوەندی بە گەشت و گوزار و ژینگەوە هەیە.
ئازاد دەشڵێت: دەبێت ئێمە ڕێز لە ژینگە بگرین، هەروەها حکوومەت دەتوانێت سوود لەو سەرچاوەی داهاتە ببینێت، ئێمە پلانمان ئەوەیە چۆن بتوانین گەشتیار وا لێبکەین ئەو پاشماوەی خواردنە کۆبکەنەوە و ببەنە شوێنی دیاریکراو، هەروەها وا لە کۆمپانیاکانیش بکرێت لەناو پاسەکان ئامۆژگاری گەشتیارەکان بکەن کە ژینگە پیس نەکەن و شت فڕی نەدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە هەموو ساڵێک پلانەکانمان دادەنێین بەڵام ساڵ بەساڵ پلانەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بە نموونە یەکێک لەو ڕێنماییانە ئەوەیە ئەو ئۆتۆمبێلانەی گەشتیار دێننە هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلی باشبن و ژینگە پیس نەکەن.
ئازاد باسی لەوەشکرد، پلانەکانمان 13 خاڵە کە دامانڕشتووە، ئێمە کارمان ڕێنمایی کردنە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە گەشتو گوزارەوە هەیە سوود وەرگرتنە لە پۆلیسی دارستان، هەروەها فڕێنەدانی پاشماوەکان.