لە دوو رۆژی جەژندا 56 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەولێر
K24 - هەولێر
لە دوو رۆژی رابردوودی جەژنی "ڕەمەزانی پیرۆزدا" زیاتر لە 56 هەزار گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوونەتە هەولێر.
ئەمڕۆ هەیینی، 12-04-2024، نەریمان فازڵ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە گوێرەی ئەو ئامارە فەرمییانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی بازگەکانی هەولێر دەستکەوتوون؛ لە دوو رۆژی جەژی "ڕەمەزانی پیرۆزدا"، زیاتر لە 56 هەزار گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوونەتە هەولێر.
گوتەبێیژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر پێشبینیش دەکات لە چەند کاتژمێر و رۆژی داهاتوو ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر بەرزببێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ پێنجشەممە، 11-04-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رۆژانی جەژن و پشووەکان؛ ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران ڕوو لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت هەولێر دەکەن بۆ پشوو وەرگرتن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ کەسوکاریان. ئەمساڵیش پێشبینی دەکرێت، ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەردانی شاری هەولێر بکەن.
پارێزگاری هەولێر گەشتیارانی دڵنیاکردەوە، "هەرچی ئاسانکارییە" پێشکەشیان دەکرێت و بە باشترین شێواز پێشوازییان لێ دەکرێت. گوتیشی، "ساڵانی رابردوو گرفتی زۆرمان لە بازگەکان هەبوو، خەڵکێکی زۆر گلەیی لە بازگەکان هەبوو، بەڵام ئێستا کێشەکە چارەسەر کراوە، مامەڵەیەکی زۆرباش لەگەڵ گەشتیاران دەکرێت، هەموو ئاسانکارییەکیان پێشکەش دەکرێت و بوونەتە جێگەی ڕەزامەندی هەمووان. ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە".
رۆژی چوارشەممە، 10-04-2024، یەکەم رۆژی جەژنی "ڕەمەزانی پیرۆز" بوو لە هەرێمی کوردستان و زۆرینەی وڵاتە موسوڵمانەکانی جیهان. ساڵانە لە رۆژانی هەردوو جەژنی رەمەزان و حاجییان، سەدان هەزار گەشتیار لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق و وڵاتانی دراوسێییەوە روو لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن. کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام کاری لەسەر پێشخستنی کەرتی گەشتیاری کردووە و وەبەرهێنانی تێدا کردووە.