لە پێنج رۆژدا 177 کۆچبەری 'نایاسایی' لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستگیرکراون

لە پێنج رۆژدا 177 کۆچبەری 'نایاسایی' لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستگیرکراون
لە پێنج رۆژدا 177 کۆچبەری 'نایاسایی' لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستگیرکراون

K24 - هەولێر

لە پێنج رۆژی رابردوودا، هەزار و 177 کۆچبەری نایاسایی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستگیرکراون، هەرچەندە رێکارە ئەمنییەکان توند دەکرێن، بەڵام نەتوانراوە رێگە لە بەردەم شاڵاوی بەردەم کۆچی نایاسایی بۆ تورکیا بگیرێت.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2024 واتە لە چوار مانگی رابردوو 52.262 کۆچبەری نایاسایی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستگیرکراون. هاوکات ئەوانەی دەستگیرکراون بە پلە یەک خەڵکی ئەفغانستانن و ژمارەکەشیان 20،116 کەسن. لە پلەی دووەم کۆچبەرانی سووری دێن و 10.336 کەسن. تورکمانستانییەکانیش لە ناو لیستەکە دان و 3338 کەسن. جیا لەوە لە ناو لیستەکەدا، کۆچبەری نایاسایی عێراقیش هەن و 1693 کەسن.

لە ڕووی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانی نایاساییش، لە چوار مانگی رابردوو 3158 کەس بەتۆمەتی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە کۆچبەرانی نایاسایی دەستگیرکراون.

لە 18ـی ئاداری ساڵی 2016 رێککەوتنێک بەناوی رێککەوتننامەی وەرگرتنەوەی پەنابەران لەنێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا واژووکرا. لە ساڵی 2011ـەشەوە یەکێتیی ئەوروپا بە بڕی 7.66 ملیار یۆڕۆ وەک هاوکاری داوەتە تورکیا لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی پەنابەران و حەواندنەوەیان لەو وڵاتە.

تەنیا کێشەی تورکیا کۆچی نایاسایی نییە، لە دوای ساڵی 2011ـەوە تا ئێستا زیاتر لە 13 ملیۆن پەنابەر لە تورکیان کە ئەمەش راستەوخۆ کاریگەریی بەسەر ئابووری تورکیا دروستکردووە و لەلایەکی دیکەشەوە بووەتە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی؛ چونکە زۆربەی خەڵکی تورکیا دەیانەوێت حکوومەتەکەیان کۆچبەران بەرەو وڵاتی خۆیان رەوانە بکەنەوە.