شرۆڤەکارێک: لە هەرێمی کوردستان چەندین شوێنی گەشتیاریی جوان هەیە

ناڤسەر نووری، شرۆڤەکاری گەشتوگوزار
ناڤسەر نووری، شرۆڤەکاری گەشتوگوزار

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی گەشتوگوزار ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان چەندین شوێنی گەشتیاریی جوانی هەیە کە بووەتە خاڵێکی پۆزەتیڤی باش بۆ کوردستان.

ئەمڕۆ شەممە، 13ـی نیسانی 2024، د. ناڤسەر نووری، شرۆڤەکاری گەشتوگوزار، لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان چەندین شوێنی گەشتیاریی جوانی هەیە کە بووەتە خاڵێکی پۆزەتیڤی باش بۆ کوردستان، هەروەها ڕێژەی بارانی ئەمساڵیش وای کرد کە کانیاو بەنداوەکان  دار و دەوەن هەمووی ببوژێتەوە، بۆیە گرنگە بە هەموومان سروشت بەرەو پێشەوە ببەین و باشتری بکەین.

بەگوتەی ئەو، "ئەو میوان و گشتیارانەی لە باشوور و ناوەراستی عێراقەوە یاخود لە دەرەوەی وڵاتەوە دێنە ناو هەرێمی کوردستان، دەبنە هۆی بووژاندنەوەی بازاڕ و مارکێتینگێکی باشیش بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی کە دەبێتە هۆی بانگەشە بۆ گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، پێویستە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ببرێت و خزمەتگوزارییەکی باشیش بۆ ئەو سەیرانگایانە دابین بکرێت."

ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: "گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان زیاتر گەشتوگوزارێکی وەرزییە. زیاتر لە وەرزی هاوین و بەهاردا گەشتیار ڕوودەکەنە سەیرانگاکان، بەڵام خاڵێکی لاوازی کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان خراپیی ڕێگەوبانی سەیرانگاکانە، لەگەڵ هۆتێل و مۆتێلەکان لە ئاستی پێویستدا نین، بۆیە پێویستە ئەو خاڵە ڕەچاو بکرێت و ڕێگە و بان چاک بکرێن و خواردنگەی زیاتر دروست بکرێت، گەشتوگوزارێکی باشتر و جوانتر نیشانی گەشتیاران بدرێت."

د. ناڤسەر نووری دەشڵێت: "پێویستە ڕێنیشاندەر هەبێت بۆ گەشتیار، تاکو بتوانێت بە ئاسانی ئەو شوێنەی بۆ گەشتوگوزار ڕووی تێدەکات بیدۆزێتەوە. هەرچەندە ئێمە چەندین شوێنی گەشتوگوزارمان هەیە، تاکو ئێستە گەشتیاران ڕوویان تێی نەکردووە. وەک کۆنترین شوێنەوار و بەنداو، کە دەکەونە پارێزگای دهۆک ئاکرێ و پاریزگاکانی دیکەش، زۆربەی شوێنی گەشتیاری بە گەشتیار نیشان نەدراوە کەسەردانی ئەو شوێنانە بکات کە لە هەرێمی کوردستان هەیە."

لە هەرێمی کوردستان ساڵانە، ڕۆژانی جەژن و بەهار و نەورۆزەوە، بە هەزاران گەشتیار لە خوار و ناوەڕاستی عێراقەوە  دێنە سەیرانگاکانی هەرێمی کوردستان.