مایڵز کاگینز: داوامان لە کۆنگرێس کردووە فشار لە حکوومەتی عێراق بکەن تاکو دەست بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بکاتەوە

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی کوردستان ئەپیکور
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی کوردستان ئەپیکور

K24 - هەولێر

گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ئەپیکور ڕایگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها لەگەڵ کۆمپانیا نیودەوڵەتییەکانی نەوتیش.

ئەمڕۆ شەممە، 13ـی نیسانی 2024، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، ئەپیکور، لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، سەبارەت بە سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، هیواخوازین کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بایدن، ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا. 

بەگوتەی ئەو، "ئێمە هەست بە گەشبینییەکی زۆر دەکەین، لەبارەی ئەو ڕاگەیەندراوەی لەلایەن سەرکردەکانی عێراق و ئەمەریکا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەیانەوێت پێکەوە بگەنە ڕێککەوتنێک، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق تورکیا دەست پێبکاتەوە."

ئەو دەڵێت: "ئێمە وەک ئەپیکور پەیوەندییەکی باشمان هەیە لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس، لە ڕێگەی چەند ئەندامێکی کۆنگرێسەوە هەوڵی ئەوەمان داوە کە ئەو ئەندامانەی کونگرێس چەند نامەیەک بنێرن بۆ کۆشکی سپی، بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەست پێبکاتەوە. هەروەها داوامان کردووە لە کۆنگرێس فشار لە حکوومەتی عێراق بکەن تاکو هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەست پبکاتەوە."

ئەو گوتەبێژە گوتی: "هاوڕێکانمان لە کۆنگرێس تێدەگەن لەوەی کە چەندە گرنگە هاوبەشییەک هەبێت لە نێوان ئەمەریکا وهەرێمی کوردستان، هەروەها ئەو کۆمپانیانەی کە باج دەدەن بە ئەمەریکا 300 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان لە نەوت و سێکتەری هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئەمەریکا ئەو وەبەرهێنانەی لە کەرتەکانی عێراقدا نەکردووە و تەنیا لە کوردستان کردوویەتی."

کاگینز گوتیشی: "گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها لەگەڵ کۆمپانیا نیودەوڵەتییەکانی نەوتیش، لەم گفتوگۆیەدا چەند ڕێککەوتنێکی نوێ دەبێت، ئەوەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەست پێبکاتەوە."

مایڵز کاگینز ئاشکرای کرد، "ئێمە وەک ئەپیکور نوێنەرایەتی هەشت کۆمپانیای نەوتی دەکەین هیچ کامێک لەم هەشت کۆمپانیایانە ڕێککەوتنێکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەبووە. بەڵام ئەم کۆمپانیایانە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی هەرێمی کوردستان هەبێت. ئێمە چاومان لەوەیە ئەم ڕێککەوتنانەی کە کراون وەک ئەپیکور لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی جێبەجێی بکەن، چاویشمان لەوەیە ئەم سەردانەی سوودانی بۆ ئەمەریکا باشبێت."