36 ساڵ بە سەر ئەنفالی گەرمیاندا تێدەپەڕێت

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە (14ی نیسانی 2024) لە چەمچەماڵ پایتەختی گەرمیان یادی 36 ساڵەی قوربانیانی شاڵاوی ئەنفالی گەرمیان دەکرێتەوە و بڕیارە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەکە لە مۆنۆمێنتی ئەنفالی چەمچەماڵ بەڕێوە بچێت.

هەروەها وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندووە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەر لە دەستپێکی وانەی یەکەم چەند ساتێک بەبێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی قوربانییانی جینۆسایدی ئەنفال ڕادەوەستن و دواتریش لە وتارێکدا باسی تاوانەکە و دەرئەنجامەکانی بۆ قوتابیان و خوێندکاران دەکرێت.

جیا لە هەرێمی کوردستان و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی 36 ساڵەی ئەنفال، لە شاری میرانۆی دەستەخوشکی چەمچەماڵ یادی ئەنفال دەکرێتەوە و وتاری قایمقامییەتی چەمچەمال لە بارەی یادەکە دەخوێندرێتەوە.

ئەنفال کە بە جینۆسایدی کورد ناسراوە، پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژیی کوردانی باشووری کوردستان بوو لەلایەن ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی پێنجەمین سەرکۆماری عێراق، سەددام حوسێن لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق بە هەشت قۆناغ کرا و کە هێزەکانی فەیلەقی یەک، فەیلەقی پێنجی سوپای عێراق، کەتیبەکانی بەناو بەرگری نیشتمانی تێدا بەشداربوون و سەرجەمی هێزەکانیان نزیکەی 200,000 چەکدار دەبوون. لە تەواوی قۆناغەکاندا 182,000 هاووڵاتیی سڤیل بێسەروشوێن کران و زیاتر لە 4500 گوندیش خاپوور و وێران کرا.

قۆناغەکانی ئەنفال:

قۆناغی یەکەم: 9ی شوبات تا وەکوو 23ی شوباتی 1988 بوو لە ناوچەکانی سەرگەڵو و بەرگەڵو سنووری شارۆچکەی سوورداشی سەربە قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی.

قۆناغی دووەم: 22ی شوبات تا وەکوو 1ی نیسانی 1988 ناوچەکانی قەرەداغی گرتەوە.

قۆناغی سێیەم: 7ی نیسان تا وەکوو 20ی نیسانی 1988 ناوچەکانی گەرمیان لە سنووری پارێزگای کەرکووک و سنووری شارەکانی"خوورماتوو، کەلار، کفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ و چەند شوێنێکی دیکەشی گرتەوە"، ئەم قۆناغە بە بەرفراوانی ئەو ناوچانەی کە گرتییەوە و زۆری قوربانی لە قۆناغەکانی تر جیاکراوەتەوە، ھەربۆیە ساڵیادی ئەو تاوانەش خراوەتە ئەم قۆناغە.

قۆناغی چوارەم: 3ی ئایار تا وەکوو 8ی ئایاری 1988 درێژایی زێی بچووکی گرتەوە هەر لە ئاغجەلەر، گۆپتەپە، عەسکەر، ناوچەکانی شێخ بزێنی، کۆیە، خەلەکان و دوکانی گرتەوە.

قۆناغەکانی پێنجەم، شەشەم و حەوتەم: 15ی ئایاری تا وەکوو 26ی ئابی 1988 ناوچەکانی بالیسان، شەقڵاوە، ھیران، نازەنین، سماقوڵی، دۆڵی ئالان، ڕواندوز، چۆمان، زنجیرە چیای قەندیل، رانیە، چوارقوڕنە، ھیزۆپ، چیای باواجی، بەشێک لە گوندەکانی کۆیە، دیبەگە و پردێ ی گرتەوە.

قۆناغی ھەشتەم: لە  25ی ئاب تا 6ی ئەیلوولی 1988 ناوچەی بادینانی گرتەوە لە ئامێدی، دھۆک، زاخۆ، شێخان، ئاکرێ، بارزان.

لە ساڵی 2007ـەوە حکوومەتیی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا ڕۆژی 14ی نیسانی هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی یادکردنەوەی تاوانەکانی ئەنفال