حەماس پشتیوانیی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکات

دیمەنێکی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل (وێنە: AP)
دیمەنێکی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

بزووتنەوەی حەماس پشتیوانیی خۆی بۆ هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، مافی خۆی بووە، "چونکە بەرگریی بووە لەخۆی".

ئەمڕۆ یەکشەممە،  14-04-2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێیانوایە هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل مافێکی سروشتی خۆیەتی، "چونکە بەرگریی بووە لەخۆی" و پشتیوانیی دەکەن.

حەماس دەشڵێت، "ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەکەیەوە لە دیمەشق دەستدرێژیی کردووەتە سەر خاکی ئێران، هەربۆیە لە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە مووشەک و درۆن مافێکی سروشتیی خۆیەتی، چونکە کارەکەیان بەرگریی لەخۆکردن بووە".

شەوی شەممە، 13-04-2024، دەوروبەری کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-04-2024، دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل، توانیویەتی سەدا 99ـی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بخاتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگەنە ناو ئەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکە. گوتیشی، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران؛ کچێکی تەمەن 10 ساڵان بە سووکی لە باشووری ئیسرائیل بریندار بووە.

بە گوتەی بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل؛ ئێران لە هێرشەکەی شەوی رابردوویدا، 170 درۆن، 30 مووشەکی جۆری "کرووز" و 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و زۆرینەیان خراونەتە خوارەوە. هاوکات بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە، لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرانە خوارەوە.

هێرشەکەی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە؛ یەکێتیی ئەوروپا و هەر یەکە لە وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سعوودیە و چەندین وڵاتانی دیکەی ناوچەکە "بە توندی" هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد. وابڕیاریشە،  ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشەکە بکات.