ئوردن و لوبنان گەشتە ئاسمانییەکانیان دەست پێکردەوە

فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی لوبنان
فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی لوبنان

K24 - هەولێر

دوای راگیرانی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ماوەی نزیکەی 15 کاتژمێر بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە؛ ئوردن و لوبنان گەشتە ئاسمانییەکانیان  دەست پێکردەوە.

داخستنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئوردن و لوبنان بۆ ترسی پێکدادانی ئێران و ئیسرائیل دەگەڕایەوە، کارەکەشیان وەک ڕێکاری خۆپارێزیی بۆ سەلامەتی سەرنشینان وەسفکرد.

جگە لە ئوردن و لوبنان هەریەکە لە عێراق، کوەیت، میسر و چەند وڵاتێکی دیکە بەهۆی مەترسییەوە گەشتە ئاسمانییەکانیان ڕاگرت، هێشتا بەشێکییان گەشتەکانیان دەست پێنەکردووەتەوە.

شەوی شەممە، 13-04-2024، دەوروبەری کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-04-2024، دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل، توانیویەتی سەدا 99ـی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بخاتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگەنە ناو ئەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکە. گوتیشی، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران؛ کچێکی تەمەن 10 ساڵان بە سووکی لە باشووری ئیسرائیل بریندار بووە.

بە گوتەی بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل؛ ئێران لە هێرشەکەی شەوی رابردوویدا، 170 درۆن، 30 مووشەکی جۆری "کرووز" و 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و زۆرینەیان خراونەتە خوارەوە. هاوکات بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە، لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرانە خوارەوە.

هێرشەکەی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە؛ یەکێتیی ئەوروپا و هەر یەکە لە وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سعوودیە و چەندین وڵاتانی دیکەی ناوچەکە "بە توندی" هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد. وابڕیاریشە،  ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشەکە بکات.