سوپاسالاری ئێران: هێرشەکانی سەر ئیسرائیل لە ئاستی تەنبێ کردن بوو

محەممەد باقڕی، سوپاسالاری ئێران
محەممەد باقڕی، سوپاسالاری ئێران

K24 - هەولێر

محەممەد باقڕی، سوپاسالاری ئێران لە گوتارێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێرشە مووشەکیی و درۆنییەکانی وڵاتەکەی دژی ئیسرائیل کۆتاییان هات و نیازیان نییە درێژە بە هێرشەکان بدەن. گوتیشی: هێرشەکانی سەر ئیسرائیل لە ئاستی تەنبێ کردن، بوو.

ئاژانسی ئیرنا بڵاوی کردووەتەوە، بە گوتەی باقڕی، سیستمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل کە گومەزی ئاسنی ناسراوە، نەیتوانی ڕێگە لە هێرشە مووشەکیی و درۆنەکانی ئێران بگرێت، هەربۆیە باقڕی ئۆپراسیۆنەکەی بە بەرهەمدار وەسفکردووە و کۆتایی بە هێرشەکان هێنرا.

سوپاسالاری ئێران ئاماژەی داوە، ئەمەی کرا کارێک بوو دەبووایە بکرێت و وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق بدرێتەوە کە ڕاوێژکارانی ئێران تێدا کرانە ئامانج و کوژران، هەروەها ڕێبەری باڵای ئێران فەرمانی دابوو کە دەبێت ئیسرائیل تەنبێ بکرێت، سوپاس بۆ خوا بە هەوڵ و کۆششی سوپای پاسداران و تەواوی هێزەکانی دیکە ئۆپراسیۆنە کرا. دەشڵێت: ئەمجارە ئۆپراسیۆنەکە لە ئاستی تەنبێ کردن، بوو، بەڵام ئەگەر ئیسرائیل هەر کردەیەکی دیکە بکات، ئەوە وەڵامی ئێران توندتر دەبێت.

بە گوتەی محەمەد باقڕی لە هێرشەکاندا توانیویانە ناوەندی هەواڵگریی و ئەو بنکەی ئاسمانییەش بۆردومان بکەن کە زانیاریی هەواڵگریی لە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کۆکردبووەوە و بنکەکەش لە بە فڕۆکەیەکی ئێف 35 هێرشەکەی دیمەشقی کردبوو.

محەممەد باقری گوتیشی: لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی سویسراوە پەیامێکمان بە ئەمەریکا گەیاندووە، ئەگەر لە هێرشەکانی داهاتووی ئیسرائیل بەشدار بێت، دڵنیایان دەکەینەوە کە ئەمەریکا هیچ بنکەیەکی لە ناوچەکەدا نامێنێت.

قسەکانی سوپاسالاری ئێران لە کاتێکە کە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئێران لە هێرشەکانی شکستی هێناوە و توانیویانە 99% مووشەک و درۆنەکانی ئێران تێکشکێنن.