شارەزایەکی یاسا نێودەوڵەتییەکان: حکوومەتی عێراق بە بەرنامەیەکی داڕێژراو شاڵاوی ئەنفالی جێبەجێ کرد

د. کرمانج عوسمان، شارەزای یاسا نێودەولەتییەکان
د. کرمانج عوسمان، شارەزای یاسا نێودەولەتییەکان

K24 - هەولێر

شارەزایەکی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەی ئەنفالکردنی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر جێبەجێ کرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی نیسانی 2024، د. کرمانج عوسمان، شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، پرۆسەی ئەنفالکردنی خەڵکی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان جیبەجێ کرا. شاڵاوی ئەنفال بە هەشت قۆناغ کرا، بەڵام ئەگەر تێبینی بکرێت حکوومەتی عێراق بە بەرنامەیەکی داڕێژراو و پلانگێڕی ئەو هەشت شاڵاوی ئەنفالی کرد.

بەگوتەی ئەو، "بەرەکانی شاڵاوی ئەنفال دابەش کرابوون بۆ سێ بەرەی جوگرافی "سلێمانی و هەولێر و دهۆک"، ئەگەر تێبینی بکەین کە ئامادەکاریی بۆ ئەو تاوانە کرابوو کە بە تاوانی جینۆساید ناسراوە بە پلەی زۆرباش، لەبەر ئەوەی هەموو بەشەکانی یاسایی تێدایە کە پەیوەندی هەیە بە جینۆساید ناساندن."

ئەو گوتیشی: "دوای دامەزراندنی حکوومەتی عێراقی نوێ، هەرسێ لایەنی عێراقی دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان و حکوومەتی عێراق ئەو تاوانانەی بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام  تاکو ئێستە لەبەر پرسیارێتی ڕا دەکەن، کە پەیوەندی هەیە بە قەرەبوو کردنەوەی مادی و گیانی، و ئێستە دەبینین ئەو ناوچانەی گەرمیان هیچ ماڵێک یاخود خانوویەک ئاوەدان نەکراوەتەوە، لەگەڵ ناوچەکانی بادینان و لەگەڵ بەشێکی زۆری ڕوفاتەکانی نەگەڕاوەتەوە."

کرمانج عوسمان دەڵێت: "پڕۆسەی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال، بەشێکی گرنگە لە پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی بەتایبەت وەکو ستانداری نیودەوڵەتی لەجەنگ بە شەڕ تێدەپەڕێت، پرۆسەیەک دەست پێدەکات، پێی دەگوترێ بەرژەوەندییەکانی نیشتمانی، واتە سەرباری ئەوەی کە مافە هەموو ئەو کەسانەی قوربانین مافی ئەوەیان هەیە بزانن کەوا لە پرۆسەی ئەنفال چی ڕووی دا کێ بڕیاری دا ئەوانەی کە تاوانبارن سزا بدرێن و ڕوفاتی خۆیان وەربگرنەوە بە پرۆسەیەکی جوان و لەسەر بنەمای ئاینی ئیسلام بتوانن دووبارە بیان نێژنەوە گۆڕەکانیان دیار بێت."

ئەو شارەزایە ڕاشیگەیاند، ئەوە پرۆسەیەکی گرنگە بۆ ئاشتەوایی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت حکوومەتی عێراق لەبەر ئەوەی بەشێکی گرنگە لە ئاشتەوایی نیشتمانی.

ئەمڕۆ یەکشەممە (14ی نیسانی 2024) لە چەمچەماڵ پایتەختی گەرمیان یادی 36 ساڵەی قوربانیانی شاڵاوی ئەنفالی گەرمیان دەکرێتەوە و بڕیارە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەکە لە مۆنۆمێنتی ئەنفالی چەمچەماڵ بەڕێوە بچێت.

ئەنفال، کە بە جینۆسایدی کورد ناسراوە، پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژیی کوردانی باشووری کوردستان بوو لەلایەن ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی پێنجەمین سەرکۆماری عێراق، سەددام حوسێن لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق بە هەشت قۆناغ کرا و کە هێزەکانی فەیلەقی یەک، فەیلەقی پێنجی سوپای عێراق، کەتیبەکانی بەناو بەرگری نیشتمانی تێدا بەشداربوون و سەرجەمی هێزەکانیان نزیکەی 200,000 چەکدار دەبوون. لە تەواوی قۆناغەکاندا 182,000 هاووڵاتیی سڤیل بێسەروشوێن کران و زیاتر لە 4500 گوندیش خاپوور و وێران کرا.

قۆناغەکانی ئەنفال:

قۆناغی یەکەم: 9ـی شوبات تا وەکوو 23ی شوباتی 1988 بوو لە ناوچەکانی سەرگەڵو و بەرگەڵو سنووری شارۆچکەی سوورداشی سەربە قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی.

قۆناغی دووەم: 22ی شوبات تا وەکوو 1ی نیسانی 1988 ناوچەکانی قەرەداغی گرتەوە.

قۆناغی سێیەم: 7ی نیسان تا وەکوو 20ی نیسانی 1988 ناوچەکانی گەرمیان لە سنووری پارێزگای کەرکووک و سنووری شارەکانی"خوورماتوو، کەلار، کفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ و چەند شوێنێکی دیکەشی گرتەوە"، ئەم قۆناغە بە بەرفراوانی ئەو ناوچانەی کە گرتییەوە و زۆری قوربانی لە قۆناغەکانی تر جیاکراوەتەوە، ھەربۆیە ساڵیادی ئەو تاوانەش خراوەتە ئەم قۆناغە.

قۆناغی چوارەم: 3ی ئایار تا وەکوو 8ی ئایاری 1988 درێژایی زێی بچووکی گرتەوە هەر لە ئاغجەلەر، گۆپتەپە، عەسکەر، ناوچەکانی شێخ بزێنی، کۆیە، خەلەکان و دوکانی گرتەوە.

قۆناغەکانی پێنجەم، شەشەم و حەوتەم: 15ی ئایاری تا وەکوو 26ی ئابی 1988 ناوچەکانی بالیسان، شەقڵاوە، ھیران، نازەنین، سماقوڵی، دۆڵی ئالان، ڕواندوز، چۆمان، زنجیرە چیای قەندیل، رانیە، چوارقوڕنە، ھیزۆپ، چیای باواجی، بەشێک لە گوندەکانی کۆیە، دیبەگە و پردێ ی گرتەوە.

قۆناغی ھەشتەم: لە  25ی ئاب تا 6ی ئەیلوولی 1988 ناوچەی بادینانی گرتەوە لە ئامێدی، دھۆک، زاخۆ، شێخان، ئاکرێ، بارزان.

لە ساڵی 2007ـەوە حکوومەتیی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا ڕۆژی 14ی نیسانی هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی یادکردنەوەی تاوانەکانی ئەنفال.