گۆڤارێکی ئەمەریکی: بۆ ئەمریکا، عێراق بنکەی دارشتنی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

ئاڵای عێراق و ئەمەریکا
ئاڵای عێراق و ئەمەریکا

K24 - هەولێر

گۆڤاری فۆڕن ئەفێرسی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، لە 21 ساڵی رابردوودا زۆرینەی سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆیان و دەرکردنی هێزە بیانییەکانیان داوە، بەڵام عێراق، بۆ ئەمەریکا بنکەی دارشتنی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و نایەوێت بە ئاسانی لێی بکشێتەوە.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەو ئامانجەی هیچ سەرۆکوەزیرانێکی عێراق نییە لە ماوەی 21 ساڵی رابردوودا نەماوە هەوڵی بەجێهێنانی نەکردبێت وەک خاڵێکی بەرنامەی کارەکانی و بەڵێنی جێبەجێکردنی نەدابێت، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێت هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کە ژمارەیان دوو هەزار و 500 کەسە لەشوێنی خۆیان ماوەن، هیچ ئاماژەیەک  بۆ کشانەوەیان نییە.

گۆڤاری فۆڕن ئەفێرس ئەمەریکی ڕاپۆرتێکی لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ململانێی ناوخۆی عێراق سەبارەت بە کشانەوەی ئەو هێزانە یاخود بەردەوام بوونیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لەوە دەکات: هەرچەندە سوودانی بەدوای گێڕانەوەی هەژموونە بەسەر هێزە چەکدارەکان، بەڵام حەشدی شەعبی بە نزیک لە ئێران دادەندرێن و سەربەخۆیانە ڕەفتار دەکەن. سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات، بەڵام پلانی ڕوونی نییە بۆ جڵەوکردنی هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت.

گۆڤاری فۆڕن ئەفێرس ئاماژەی بەوەش داوە، ئەمەریکا سستە لە کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق، چونکە لە ئەگەری وەها جوڵەیەک مەیدانەکە بۆ تاران چۆڵ دەکات.

ئەو گۆڤارە ئەمەریکییە ئەوەی خستووەتە ڕوو، واشنتن پێویستە پێگەی خۆی بۆ مانەوەی هێزەکانی لە عێراق بەکاربهێنێت، بەڵام لە ئاستی باڵای عێراق هاوڕێی نییە، هەرچەندە کوردەکان نێوانیان لەگەڵی باشە و داوای مانەوەی دەکەن.

فۆڕن ئەفێرس تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، مەترسی گرووپە توندڕەوەکان هێشتا لە عێراق ماوە، ئەو وڵاتەش باشترین بنکەیە بۆ داڕشتنی سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر چەندە ئەمەریکا ناتوانێت دژی خواستی حکوومەت و گەلی عێراق بوەستێت بۆ کشانەوە لەو وڵاتە، بەڵام عێراق هێشتا لە زۆر ڕووەوە پێویستی بە ئەمەریکایە، واشنتنیش دەکرێت ئەو پێداویستیانە بەکاربهێنێت و عێراق ناچار بکات بە مانەوەی هێزەکانی قایل بێت.