ئەڵمانیا: قەدەغەكردنی پۆشینی نیقاب گفتوگۆی لێ دەكەوێتەوە

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا: شاردنەوەی رووخسار بەشێك نییە لە كولتووری ئەڵمانی

ئەڵمانیا بەرەو ئەوە دەچێت پۆشینی نیقاب لە ھەندێ شوێنی وڵاتەكەیدا قەدەغە بكات، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەش لەگەڵ ئەوە دایە بڕیارەكە سنووردار بێت.

 

لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا تۆماس دی میزییر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە بارەی قەدەغەكردنی نیقاب گووتی " لەو شوێنانەی پێویستە مرۆڤ رووخساری دیار بێت، نابێ بیشارێتەوە. بۆ نموونە، لە نووسینگەكانی تۆماركردن و باری شارستانی، لەكاتی خۆپیشاندانەكان، ھەروەھا لە شوێنی كار و بواری خزمەتگوزاریی گشتی".

ئەم لێدوانەی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ویلایەتەكان دێت، كە داوایان كرد نیقاب، یان ھەر شتێك كە رووخساری مرۆڤ بشارێتەوە، قەدەغە بكرێت.

میزییر ئاماژەی بەوەش كرد " شاردنەوەی رووخسار بەشێك نییە لە كولتووری ئەڵمانی. بە پێچەوانەوە، دەرخستنی رووخسار، بەشێكی سەرەكییە لە پەیوەندی و یەكڕیزی و بەیەكەوەژیانی كۆمەڵگەی ئەڵمانی".

ئەگەرچی وەزیری ناوخۆ وادەیەكی بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دیاری نەكردووە، بەڵام بڕیارەكە لایەنەكانی ئەو وڵاتەی بەسەر لایەنگر و دژ، دابەش كردووە. لەكاتێكدا پارێزگارەكان پشتیووانی بڕیارەكە دەكەن، كەچی پارتی سۆسیال دیموكراتیی ھاوپەیمانیی یەكێتیی مەسیحی دیموكراتی، كە مێركل سەرۆكایەتی دەكات، بەم بڕیارە رازی نین.