بایدن یان تره‌مپ كامیان له عێراق ڕووبه‌ڕووی 'په‌شیمانیی مێژوویی' ده‌بنه‌وه؟
K24 - هەولێر:
ماڵپەڕی كۆنڤێرزه‌یشنی ئوسترالی له ڕاپۆتێكدا پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئایا بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەبێتە هۆی "پەشیمانی ستراتیژی؟" بۆ هه‌ر یه‌ك له جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و یان دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا هاوشێوەی دیاردەی "پەشیمانی ستراتیژی - مێژوویی" کە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمه‌ریکا نه‌خاسمه هه‌ر یه‌ك له لیندۆن جۆنسۆن، ڕۆناڵد ڕیگان و باراک ئۆباما هەستیان پێ کردبوو دوای ئەوەی پۆسته‌كانیان بەهۆی شکستەکانیان لە سیاسەتی دەرەوەدا به‌جێهێشت.
ماڵپەڕی كۆنڤێرزه‌یشن "The Conversation" سه‌رنجی خستووه‌ته سه‌ر هه‌ڵوێستی هه‌ر یه‌ك له سه‌رۆك لیندۆن جۆنسۆن (1908 - 1973 Lyndon B. Johnson) له باره‌ی جەنگی ڤێتنام كه به‌هۆی بڕیاره یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانییه‌وه ژماره‌ی سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی له ڤێتنام له ساڵی 1967ـدا گه‌یشته 525 هه‌زار سه‌رباز، به‌م هۆیه‌یشه‌وه ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌یه‌كی توندی ناوخۆیی و شه‌قامی وڵاته‌كه‌ی بووه‌وه و دواتریش په‌شیمانی به دوای خۆیدا هێنا. به هه‌مان شێوه بیل کلینتۆن (William Jefferson Clinton)، پەشیمانی خۆی دەربڕی لە دەستوەردانه شکستخواردووه‌كه‌ی لە سۆماڵ و چۆنیەتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی بلاک هۆک له مه‌گادیشۆی پایتەخت و نه‌بوونی ئیڕاده‌یه‌كی ڕژدی ئیداره‌كه‌ی سه‌باره‌ت به ڕاگرتنی كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی ڕواندای دراوسێی سۆماڵ.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە باراک ئۆباما (Barack Obama) ده‌ستوه‌ردانی وڵاته‌كه‌ی له شه‌ڕی ناوخۆیی لیبیا له سه‌رده‌می ئیداره‌كه‌یدا بە "خراپترین هەڵە" ناو بردووه،، لە کاتێکدا ڕۆناڵد ڕیگان (Ronald Reagan 1911 - 2004) دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یرووت له ساڵی 1983 كه بووە هۆی کوژرانی 241 سەربازی ئەمه‌ریکی، ڕایگه‌یاند، ناردنی سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی بۆ لوبنان به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆییه‌وه له‌و وڵاته‌كه، گه‌وره‌ترین په‌شیمانی و گه‌وره‌ترین خه‌م و په‌ژاره‌ی بۆ دروست كرد!
ڕاپۆرته‌كه‌ی ماڵپەڕی كۆنڤێرسه‌یشن پرسیار ده‌كات و ده‌ڵێت، له كاتێكدا ئەمه‌ریکا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەڕوات، ئایا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه كۆتایی به خه‌ونی كام له دوو كاندیده‌كه جۆو بایدن (Joe Biden) یان دۆناڵد تره‌مپ (Donald Trump) ده‌هێنێت، یانیش ئاخۆ كۆتایی به خه‌ونی هه‌ردووكیان ده‌هێنێت و ڕووبه‌ڕووی ئه‌زموونێكی "پەشیمانی ستراتیژی" ده‌بنه‌وه؟
ڕاپۆرتەکە لەو چوارچێوەیەشدا هەڵوێستی ترەمپ و بایدنی سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا خستووه‌ته ڕوو. ئه‌م ڕاپۆرته پێی وایه ئه‌مه‌ریكا له ژێر ڕۆشنایی بوونی نزیکەی 900 سەرباز لە سووریا و 2500 سەرباز لە عێراق، كه ناوه ناوه له لایه‌ن گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێران ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی دەبنەوە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریکا ڕووبەڕووی ڕووداوێکی دیکەی هاوشێوەی ڕووداوه‌كه‌ی ساڵی 1983ـی به‌یرووت ببێته‌وه، نه‌خاسمه دوای ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تاكانی ئه‌م ساڵدا سێ سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له ئوردن و لە نزیک سنووری سووریا له لایه‌ن گرووپه چه‌كداره‌كانه‌وه كوژران.
به‌یرووتێكی دیكه؟
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە كردووه کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی پڕ لە گێژاو و ئاڵۆزییه‌وه، هاوكات ئاماژەی بە هەڕەشەکانی سەر سەربازە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە کردووە، كه لە لایه‌ن داعشەوە بێت، کە بەنیازە هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی ڕۆژئاوا، یان بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکانی گرووپه چەکدارەكانی سه‌ر به ئێران بێت کە مه‌به‌ستیانه تۆڵه‌ی هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل سه‌باره‌ت به هێرشه‌كانی سه‌ر غه‌ززه بكه‌نه‌وه.
ئه‌و ڕاپۆرته‌كه هۆشداری داوە لە هێرشێک کە ڕەنگە ببێتە هۆی زیانی گه‌وره‌ی گیانی لەنێو ڕیزەکانی هێزەکانی ئەمەریکا و بەم شێوه‌یه سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مه‌ریكا ڕووبەڕووی دوو بارودۆخ دەبێتەوە و هه‌مان چاره‌نووسی "په‌شیمانی ستراتیژی" وه‌ك سه‌رۆكه‌كانی پێش خۆی ده‌یگرێته‌وه، ئه‌ویش یان ده‌بێت قوربانییه‌كی زیاتر به گیانی سه‌ربازانی بدات، یانیش جه‌نگ و ئاڵۆزییه‌كانی ئێسته‌ی ناوچه‌كه فراوان بكات، كه له هه‌ر دوو باریشدا ئه‌مه‌ریكا زیانی زۆری گیانی به‌رده‌كه‌وێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بە پشت بەستن بە پێوەر و ئه‌زموونه مێژووییەکان، ڕەنگە هەلومەرجەکان ئامادە بن بۆ ڕوودانی "پەشیمانی ستراتیژی" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئاماژەی بەوەیش کردووە، دۆخی ئێستای عێراق و سووریا لە زۆر ڕووەوە بە شێوەیەکی ترسناک هاوشێوەی ئەو هەلومەرجەیە کە ڕیگان ڕووبەڕووی لە بەیرووت بووەوە، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه بایدن دووچاری دۆخێكی دژوارتریش ببێته‌وه.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو هێزانەی لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە لوبنان جێگیر بوون، ئەرکی "ئاشتیپارێز"ـیان له ئه‌ستۆدا بووه، له‌و كاته‌ی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق و سووریا ئەرکی پاڵپشتیکردنی شەڕی دژی داعش جێبەجێ دەکەن، کە هەڕەشەکانی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکا له ساڵی 2019ـدا و به داڕمانی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش بە کۆتایی هات، نه‌خاسمه كه به‌م دواییانه ڕاپۆرتێکی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پێنتاگۆن) بەو ئەنجامە گەیشتبوو، هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا له ئێسته‌دا زۆر لاوازه.
ڕاپۆرتەکە باسی له‌وه کردووە، هەروەک چۆن لە ساڵی 1983 ته‌قینه‌وه‌كه‌ی لوبنان ڕووی دا و بووه هۆی كوژرانی 241 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی، به هه‌مان شێوه هێزەکانی ئەمەریکا له ئێسته‌دا بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی کەمی سەرباز و ژینگەی دوژمنکارانە، و پشتبەستنیان بە عێراق و تورکیا و "هێزە کوردییەکان" ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبنەوە و ده‌بنه ئامانجێكی ئاسان بۆ هێرشكردنه سه‌ریان.
ئه‌و ڕاپۆرته سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، لە کاتێکدا ڕیگان ئاگاداری ئەوە نەبوو کە سەربازانی وڵاته‌كه‌ی لە ساڵی 1983 ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە ببنەوە، بەڵام ئەو مەترسییەی کە لە ئێسته‌دا هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق و سووریا دووچاری ده‌بنه‌وه، تەواو ڕوونە، بەو پێیەی سەربازانی ئەمه‌ریکی له‌وه‌ته‌ی 7ـی ئۆكتۆبه‌ری 2023ـوه له لایه‌ن گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێرانته‌وه ڕووبه‌ڕووی پتر لە 160 هێرشی مووشەکی بوونه‌ته‌وه.
له‌خۆباییبوون و متمانه‌به‌خۆبوونی زیاد له پێویست
بەگوێرەی ماڵپەڕی كۆنڤێرزه‌یشن ڕەنگە هەندێک پێیان وا بێت ئەم نیگەرانییە سەبارەت بە "بەیرووتێکی دیکە" زیادەڕەوی تێدا کراوە دوای ئەوەی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا لە دوای هێرشەكه‌ی سه‌ر سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له ئوردن ئوردن له 28ـی کانوونی دووەمی 2024 کەمتر بووەتەوە، نه‌خاسمه دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له شوباتی ئه‌م ساڵدا وه‌ڵامی توند و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی كوژرانی سێ سه‌ربازه‌كه‌ی كرده‌وه و له‌و كاته‌وه تا به نووسینه‌وه و ئاماده‌كردنی ئه‌م ڕاپۆرته ده‌گات، هیچ هێرشێك بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه ئه‌نجام نه‌دراوه.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، مێژوو چیرۆكێكی هۆشداریده‌ر ده‌گێرێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك چەند مانگێک به‌ر له هێرشکردنە سەر کەمپەکانی مارین لە بەیرووت لە ساڵی 1983، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی بچووك بالیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكای له به‌یرووت به ئامانج گرتبوو، به‌ڵام به‌رپرسانی ئه‌و كاتی ئیداره‌ی كۆشكی سپی ئه‌مه‌یان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتبوو، كه ده‌بوو ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه به زه‌نگێك بزانن و سیاسه‌تێكی زیره‌كانه پیاده بكه‌ن نه‌خاسمه به كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له وڵاته‌كه.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەرپرسانی ئەمه‌ریکا لە بری ئەوەی پێداچوونەوە به هێزه‌كانیان له لوبنان بكه‌نه‌وه یانیش ژماره‌ی هێزه‌كانیان كه‌م بكه‌نه‌وه، به‌ڵكوو لە ڕێگەی ئیڕادەیان بۆ سەرخستنی ئەرکی سەربازی لە لوبنان، هەوڵەکانیان دوو هێندە کرد و ڕۆڵێکی شەڕانگێزانەتریان لە شەڕی ناوخۆ لەو وڵاته گرتەبەر.
ماڵپەڕی كۆنڤێرزه‌یشن تیشكی خستووه‌ته سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی هێرشی گرووپه میلیشیاكان له عێراق و سووریا بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و دوو وڵاته‌دا و پێی وایه ئه‌م كه‌مبوونه‌وه‌یه و هێوربوونه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه، هه‌ستی خۆبه‌زلزانین له لای ئه‌مه‌ریكییه‌كان دروست بكات و پێیان وا بێت دۆخی ئه‌منی به ده‌ست ئه‌وانه‌وه جڵه‌و كراوه، به‌ڵام ڕه‌نگه ئاكامه‌كه‌ی به "په‌شیمانی ستراتیژیی یان مێژوویی" كۆتایی پێ بێت وەک ئەوەی لە لوبنان لە سەردەمی ڕیگان و لە سۆماڵ لە سەردەمی کلینتۆن و لە ڤێتنام لە سەردەمی جۆنسۆن ڕوویان دا!
ڕاپۆرتەکە پێی وایه ئەگەر حاڵەتێکی "پەشیمانی ستراتیژی" سەبارەت بە عێراق و سووریا ڕوو بدات، ئه‌وه بۆ بایدن قووڵتر و سه‌ختتر دەبێت لەوەی کە بۆ ڕیگان لە ساڵی 1983ـدا هاته ئاراوه. ڕوونیشی کردووه‌ته‌وه کە دوای بۆردومانکردنی هێزەکانی مارێنز لە بەیرووت، ڕیگان لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی غه‌زوو - زۆ گرێنادا (United States invasion of Grenada) بۆ سەرقاڵکردن پەنای بردە بەر بەکارهێنانی سیناریۆ یاخود ئامرازی (هێ) بۆ ئەوەی بە هێمنی سەربازە ئەمریکییەکان لە لوبنان بکشێنێتەوە لە بری ئەوەی پەنا بۆ پەرەسەندنی سەربازی ببات و مەترسی زیاتر بخاته سه‌ر ژیانی سەربازانی ئەمریکی له لوبنان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەگەر بایدن یان ترەمپ لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەری ئه‌م ساڵ، ئیداره‌ی کۆشکی سپی وه‌ربگرنه‌وه، ڕەنگە ئەو سیناریۆیه‌ی ڕیگانیان نەبێت کە سەرقاڵکردن بەکاربهێنن وەک ئەوەی لە گرێنادا ڕووی دا، بەڵام بەهۆی ئەو سیاسەتە حزبییە تونده‌ی واشنتۆن و هەوڵه‌كانی سەرۆککۆماری ئه‌مه‌ریكا كه وای نیشان دا به‌رانبه‌ر به هێرشی گرووپه‌كانی سه‌ر به ئێران لاواز نییه و تۆڵه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكای له ئوردن كرده‌وه، ئه‌مه وا ده‌كات بایدن ڕووبه‌ڕووی هه‌مان په‌شیمانی ستراتیژیی و مێژوویی سه‌رۆكه‌كانی پێش خۆی بكاته‌وه، نه‌خاسمه كه گورزه‌كانی له دژی گرووپه میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران، وا له ئێران ده‌كات ده‌ست بكاته‌وه و وه‌ڵامی بۆ ئه‌مه‌ریكا هه‌بێت.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە هۆشدارییەک کردووە، کە ئەنجامه‌كه‌ی دەبێتە هۆی فراوانبوون و زیادبوونی تێوەگلانی ئەمه‌ریکا لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەیش هەموو ئەمه‌ریکییەکان نایانەوێت، ته‌نانه‌ت ڕەوتی پێشکەوتنخوازان، زۆرینەی گەنجان، به‌شێكی ڕەشپێسته ئەمه‌ریکییەکان و هەندێک لە کۆمارییەکان، دژی شه‌ڕن.
ماڵپەڕی كۆنڤێرزه‌یشن لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئه‌گه‌ر بایدن ده‌ست بۆ چه‌ك ببات نه‌خاسمه به‌رامبه‌ر به ئێران و گرووپه چه‌كداره‌كانی له عێراق و سووریا، ڕووبه‌ڕووی هه‌مان چاره‌نووسی جۆنسۆن، ڕیگان، كلینتۆن و ئۆباما ده‌بێته‌وه و ئه‌زموونه‌كانی هه‌ر یه‌كێكیشیان بۆ بایدن یان تره‌مپ وه‌ك هۆشدارییه‌ك وایه بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له "په‌شیمانی ستراتیژیی – مێژوویی" به دوور بگرن و لێی ده‌رباز بن.