کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

K24 - هەولێر:

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد.

ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لەمیانەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل رایگەیاند، زۆر گرنگە رێگری لە هەر کردەوەیەک بکەین کە دەبێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، دەڵێت: لە ئەنجامی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن خەڵکی مەدەنی بوونەتە قوربانی و باجێکی زۆر دەدەن، ئێمە رێگری لە فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان دەکەین.

ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، باسی لەوەکرد، بەکارهێنانی هێز دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، ئێمە هاوبەشییەکمان هەیە بۆ ئەوەی رێگری بکەین و ئاگربەست لە غەززە رابگەینین، کار دەیەکن بۆ ئاشتی ناوچەکە، هەروەها پێویستە رێگری بکەین لە جەنگی زیاتر.

نوێنەری سعوودییە، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئێمە داوامان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە کە کۆبوونەوەی دەستبەجێ ئەنجام بدات و میوانداری نوێنەری ئێران بکات، ئەو دۆکیۆمێنتانەی ئێمە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل بە 200 مووشەکی بالیستی و کرووز ئەمەش پێشلێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

لەلایەیکی دیکەوە رۆبەرت وود، نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتی: هێرش کردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، کە هەمیشە لە رێگەی حووسییەکانی یەمەن ئەنجام دەدرێن کە ئێران پاڵپشتییان دەکات.

نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشدا، ئێران درۆنی شاهیدی بۆ رووسیا گواستووەتەوە لە دژی ئیسرائیلیش بەکاری هێناوە، ئەم گواستنەوەیە پێشێلکردنێکی روونە، هەروەها ئێران چەند ساڵیکە یاسا نێودەوڵتییەکان پێشێل دەکات بەوەی بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور.

رۆبەرت وود، گوتیشی: ئێران دەستی هەبوو لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری پار ساڵ کە چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامیان دا  و ، ئەوەی ئێستا لە غەززە روودەدات دەستی ئێرانی تێدایە.

جەختی لەوەش کردەوە، کە دەبێت وا بکەن ئێران پابەند بێت بە جارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش و هێرشەکانی رابگرێت، رۆبەرت وود دەشڵێت: ئەمەریکا پشتگیری لە ئیسرائیل دەکات بۆ ئەوەی لە بەرانبەر هێرشەکانی ئێران بەرگری لەخۆی بکات.

لەلایەن خۆیەوە نوێنەری فەرەنسا، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکەین و، ئەم هێرشە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.

هاوکات ئاماژەی بەوەدا، ئێران هەڕەشەیەکی نوێی دروستکردوە بۆ ئەوەی ناوچەکە سەرقامگیر نەبێت، بۆیە داوا لە ئێران دەکەین ئەو هەڕەشانە کۆتایی پێبهێنێت، ئێمە پشتگیری لە ئیسرائیل دەکەین کە توانییان خەڵکی مەدەنی بپارێزن.

نوێنەری فەرەنسا، گوتیشی: فەرەنسا ئامادەی چارەسەرە بۆ قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەی کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزییەکان بهێندرێت.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هەوڵی ئازادکردنی بارمتەکانیش دەدەن لە غەززە، هەروەها هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بووە هۆکاری روودانی جەنگ لە غەززە.

دام باربارا، نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتی: بەریتانیا بە توندرین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل دەکات، ئەم کارەی ئێران مەترسییەکای زۆر گەورە دروست دەکات بۆ سەر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هاوکات دەشڵێت: بەریتانیا چەندین ساڵە ئاماژە بەوە دەکات ئێران رۆڵی هەیە لە ناسەقامگیری ناوچەکە لە رێگەی پشتیوانیکردنی لە گرووپە چەکدارەکانەوە.

نوێنەری بەریتانیا، جەختی لەوەش کردەوە، بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئاسایشی ئیسرائیل و، دام باربارا گوتیشی: پشتیوانی لە هاوپەیمانەکانمان دەکەین بۆ رێگریکردن لە هەڕشەکانی ئێران.

ڤاسيلی نيبينیزيا، نوێنەری رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەڵێت: هێرشکردنە سەر بنکە دیپلۆماتەکان کاردانەوەی دەبێت و دژی یاسای نێودەوڵەتییەکانە، ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق وایکرد ئەم هێرشانەی دوێنێ رووبدات.

نوێنەری رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا، داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکەین، هەروەها ئەمەریکا پابەند نییە بە جارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و، رێز ناگرن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان. ڤاسيلی نيبينیزيا گوتیشی: تاران نایەوێت گرژییەکان فراوانتر بێت.

لالەیەکی دیکەوە نوێنەری ئیسرائیل لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتی: دوێنێ رژێمی ئایەتووڵا زیاتر لە 170 درۆن و 120 مووشەکی ئارستەی ئیسرائیل کرد.

دەشڵێت: پێویستە رێگری لە ئێران بکرێت پێش ئەوەی جیهان بەرەو جەنگێکی گەورە ببات، دوێنێ شەو جیهان بینی دۆخەکە چۆن بوو، دەمانەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەخەر بێنین بەڵام بێ ئەنجام بوو.

نوێنەری ئیسرائیل لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی دوێنێ شەو روویدا ئەوەبوو کە گوێ بۆ قسەکانی ئێمە نەگیراوە، هێرشەکانی دوێنێی ئێران وایکرد منداڵێکی تەمەن 7 ساڵی بریندار بێت.