نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان: نامانەوێت ئاڵۆزییەکان زیاتر بکەین

ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان

K24 - هەولێر

ئەمیر سەعید ئیروانی نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتی لە بارەی هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر ئیسرائیل، ڕایگەیاند، ئێران نایەوێت ئاڵۆزییەکان زیاتر بکات، بەڵام بەرپەرچی هەر هەڕەشە و کردەوەیەکی دوژمنکارانە دەداتەوە.

ئیروانی ڕەخنەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گرت و ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتی شکستی هێناوە لە بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و ئاشتەتوانی نێودەوڵەتی، ئەمەش بە ڕوونی لە ئیدانەکردنی هێرشەکەی سەرەتای ئەم مانگەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق دەرکەوت. گوتیشی: لە چوارچیوەی ئەم دۆخەدا، هیچ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەم کۆماری ئیسلامی ئێراندا نەما بوو، جگە لەوەی بەرگری لەخۆی بکات.

ئەمیر سەعید ئیروانی ڕاشیگەیاند، ئێران نایەوێت ئاڵۆزییەکان زیاتر بکات، بەڵام بەرپەرچی هەر هەڕەشە و کردەوەیەکی دوژمنکارانە دەداتەوە.

بەرەبەیانی یەکشەممە (14ی نیسانی 2024) سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان دۆرنی بۆمبڕێژکراو و مووشەکی بالیستی ئاراستە ئیسرائیل کرد، وەک وەڵامدانەوە و تۆڵەکردنەوەی خوێنی ئەو حەوت فەرماندەیەی سوپای پاسداران کە لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل لە دیمەشق کوژران، ئەمەش بە یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دادەنرێت.

هەروەها سوپای پاسداران جۆری ئەو مووشەک و درۆنانەی ئاشکراکرد کە ئاراستەی ئیسرائیلی کردبوو، لەوانە مووشەکی بالیستیی عیماد، مووشەکی کرووز و درۆنی شاهد 136 بوون، ڕاشیگەیاندووە، لەم هێرشەدا بەشێکی کەمی توانا سەربازییەکانیان دەرخستووە.

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئێران شکستی هێناوە و توانیویانە %99 مووشەک و درۆنەکان بخەنە خوارەوە.