گروپی حەوت سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران دەکات

K24 - هەولێر

ئورسولا ڤۆن دێرلاین سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند،  گروپی حەوت بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل دەکات، گروپەکە پشتیوانیی تەواوی ئاسایش و سەقامگیریی ئیسرائیل دەکات.

ئەو دەڵێت: "ئێران و باڵەکانی پێویستە کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان بهێنن و چیتر درێژە بەو کارە نەدەن کە تا ئێستا بەردەوامبوون لەسەری".

دێرلاین دەشڵێت: "هێرشە ڕاستەوخۆکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بێ پێشینە بوو، ئێمە لە گروپی حەوت بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانمان کرد و تەواوی پاڵپشتی خۆمان بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە. پشتیوانیی ئێمە بۆ ئاسایشی ئیسرائیل جێگیر و نەگۆڕە."

ڕاشیگەیاند، داوا لە ئێران و لقەکانی دەکەین شەڕ و نائارمییەکان راگرن، هەموولایەک پێویستە تا ئەو پەڕی توانا دان بەخۆیاندا بگرن.

درەنگانی شەوی شەممە، 13-04-2024، نزیکەی کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسدارانە کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کوژران.

بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران، بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە لەنێو خاکی عێراق، لوبنان، ئوردن و سووریاوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون، بەشێکی دیکەشیان ڕاستەوخۆ لەنێو خاکی ئێرانەوە ئاراستە کراون.

سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی هێرشەکەی ئێرانی سەلماند

دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامادەکاریی تەواویان بۆ هەر هێرشێکی ئێران کردووە و ئاگاداری دەستپێکردنی هێرشەکەن. گوتیشی، هێرشەکە مووشەکیش لەخۆ دەگرێت، نەک تەنها درۆن.

بەرپرسە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەڵێن، درۆنەکانی ئێران چەند کاتژمێرێکیان دەوێت تاوەکو دەگەنە نێو خاکی ئیسرائیل؛ "ئەگەر لە ڕێگە نەکەونە خوارەوە، پێشبینی دەکەین دوای کاتژمێر 2:30ـی بەرەبەیان بگەنە ئیسرائیل".