جیرۆزالیم پۆست: هێرشەکەی ئێران زیانی زۆری بە بنکەی ئاسمانی نیڤادیم گەیاندووە

بنکەی ئاسمانی نیڤادیم - باشووری ئیسرائیل
بنکەی ئاسمانی نیڤادیم - باشووری ئیسرائیل

K24 - هەولێر

ڕۆژنامەی جیرۆزالیم پۆست بڵاوی کردووەتەوە، پێچەوانەی زانیارییەکانی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، سەرچاوەیەکی ئەمەریکی ئاشکرایکردووە، هێرشە موشەکیی و درۆنەکانی ئێران زیانێکی زۆری بە ژێرخانی بنکەی ئاسمانیی نیڤاتم گەیاندووە.

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە نووسیویەتی، سەرچاوەیەکی ئەمەریکی بۆ کەناڵی ئەی بی سی نیوز ئاشکرای کردووە، لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل پێنج موشەک بە بنکەی ئاسمانی نیڤاتیم کەوتوون و زیانێکی زۆری بە ڕێڕەویی سەرەکی فڕینی فڕۆکەی گواستنەوەی جۆری C-130 و چەندین کۆگایەک گەیاندووە، بەڵام زیانەکان کەمترن لەوەی ئێران ئامانجی بووە.

پێشتر لە بارەی بەرپەچدانەوەی هێرشەکانی ئێران، دانیال هاگاری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ئێران لە هێرشە موشەکیی و درۆنەکانی شسکتی هێناوە و تەنیا زیانێکی کەم بە ژێرخانی بنکەی ئاسمانی نیڤاتیم لە باشووری ئیسرائیل گەیشتووە.

جیرۆزالیم پۆست نووسیویەتی، لە یەکەمین هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی شەوی شەممە نزیکەی 350 درۆن، موشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەهۆیەوە زەنگی ئاگەدارکەرەوە لە سەرانسەری ئیسرائیل لێدرا بەڵام %99 موشەک و درۆنەکان خراونەتە خوارەوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، هاوکات لەگەڵ ئێران، لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەنیشەوە چەندین موشەک و درۆن ئاراستە ئیسرائیل کران، سەرجەمیان 170 درۆن، 120 موشەکی بالیستیی و 30 موشەکی کرووز بوون کە زیاتر لە 60 تۆن تەقەمەنییان تێدابووە، بەڵام هێرشەکان شکستیان پێ هێنرا.

هێرشەکەی ئێران وەڵامدانەوەیەکی هێرشەکەی یەکی ئەم مانگەی ئیسرائیل بوو بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کە بە هۆیەوە حەوت فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران کوژران، یەکێک لە کوژراوەکان محەممەد ڕەزا زاهیدی فەرماندەی فەیلەقی قودسی پاسداران لە سووریا، لوبنان و فەڵەستین بوو.