وەزیری دارایی: ئیسرائیل لە مەترسیدایە

K24- هەولێر

ئیتیمار بن غەفیری توندڕەو، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێویستە وەڵامێکی بەهێزی هێرشەکەی ئێران بدەینەوە، هەروەها وەزیری دارایی ئیسرائیل بێتزالێل سمۆتریچ، گوتی: "ئیسرائیل لە مەترسیدایە".

ئیتیمار بن غەفیری توندڕەو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پێویستە وەڵامێکی "شێتانە و ترسێنەر"ـی ئێران بدەینەوە، ئەم داوایەی بن غەفیر بەهۆی هێرشەکەی ئێرانەوە بوو بۆ سەر ئیسرائیل.

ئاماژەی بەوەشکرد، "وەڵامی ئیسرائیل بۆ ئێران پێویستە ترسێنەر بێت"، بەتێگەیشتنی ئێمە ناوەڕۆکی هێرشەکە پەیوەندی بەهێرشەکانی غەززەوە هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، بێتزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا داوای کردووە وەڵامی ئێران بدرێتەوە و گوتی: "هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان چاویان لەسەر ئیسرائیلە".

سمۆتریچ ڕاشیگەیاند، "سوپاس هاوڕێیانمان دەکەین لە هەموو جیهان"، جەختیشی کردەوە، "ئەگەر ئیسرائیل وەڵام نەداتەوە ئەوە خۆمان و منداڵەکانمان دەخەینە مەترسی ڕاستەوخۆوە".

ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئێمە دوو دڵ بین خۆمان و منداڵەکانمان دەخەینە مەترسی، ئێستا کاتێکی زۆر گونجاوە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشی ئیسرائیل.

درەنگانی شەوی شەممە، 13-04-2024، نزیکەی کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسدارانە کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کوژران.

بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران، بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە لەنێو خاکی عێراق، لوبنان، ئوردن و سووریاوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون، بەشێکی دیکەشیان ڕاستەوخۆ لەنێو خاکی ئێرانەوە ئاراستە کراون.

سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی هێرشەکەی ئێرانی سەلماند.

دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامادەکاریی تەواویان بۆ هەر هێرشێکی ئێران کردووە و ئاگاداری دەستپێکردنی هێرشەکەن. گوتیشی، هێرشەکە مووشەکیش لەخۆ دەگرێت، نەک تەنها درۆن.

بەرپرسە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەڵێن، درۆنەکانی ئێران چەند کاتژمێرێکیان دەوێت تاوەکو دەگەنە نێو خاکی ئیسرائیل؛ "ئەگەر لە ڕێگە نەکەونە خوارەوە، پێشبینی دەکەین دوای کاتژمێر 2:30ـی بەرەبەیان بگەنە ئیسرائیل".