فەرحان جەوهەر: سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە

K24 – هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕایگەیاند، سەردانەکەی محەممەد شییاع سوودانی بۆ ئەمەریکا لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، هەروەها باس لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش دەکرێت.

فەرحان جەوهەر، شرۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانەکەی محەممەد شییاع سوودانی بۆ ئەمەریکا لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە و لە لایەن جۆو بایدنەوە پێشوازی لێ دەکرێت. بۆیە ئەو سەردانە بۆ عێراق و هەموو ناوچەکە گرنگە.

فەرحان گوتیشی: ئەو سەردانە دوای ئەوە دێت کە چەند داخوازییەک لە عێراق سەری هەڵدا بەوەی چیدیکە پێویستیان بە هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا نەماوە و پێویستە لە عێراق بچنە دەرەوە. بۆیە سوودانی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە و چەند بابەتێکی دیکەش دەکات، بەتایبەت ڕێککەوتنی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمەریکا کە لەساڵی 2008ەوە ئیمزا کراوە.

ئەو شرۆڤەکارە گوتی، هەموو خاڵەکانی ڕێککەوتنی ستراتیجی نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە لەسەر دوو بڕگەی سەربازی و ئەمنی وەستاوە، کە پەیوەندییەکانیان لەسەر ئەو دووبڕگەیەدا ماوە، بەڵام دوای ئەو سەردانە ڕێککەوتنەکە چالاک دەکرێت و زۆرینەی خاڵەکانیشی پێویستی بە جێبەجێکردن هەیە، کە ئەو پەیوەندییەی ئێستای عێراق و ئەمەریکا دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی هەمیشەیی و ستراتیجی، کە هەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە، بەتایبەتی ئابووری، هاوکاریی سەربازی، ڕۆشنبیری، فەرهەنگی و ئاوەدانکردنەوە.

فەرحان جەوهەر باسی لەوەشکرد، دوای سەردانەکە پەیوەندییەکان توندوتۆڵتر ئەبێت، جگە لەوە باس لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش دەکرێت، چونکە لە پێشتردا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمەریکای کرد و باسی لە هەموو ئەو کێشانە کردووە کە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن. بۆیە ئەمەریکا بە ڕژدی ئەو کێشانەی پێشتر هەبوون باس دەکات. بەتایبەت دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە خاڵە هەرە گرنگەکانی گفتوگۆکان.