کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ستراتیجیی عێراق و ئەمەریکا؛ ئامانجێکی سەردانەکەی سوودانییە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمەریکا (وێنە: نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق)
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمەریکا (وێنە: نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق)

K24 - هەولێر 

یەکێک لـە خاڵە سەرەکییەکانی سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن؛ کاراکردنەوەی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمەریکایە.

سوودانی لە واشنتنە و کۆمەڵێک دۆسیەی جیاواز لە جانتاکەیدایە. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی سەردانەکەشی، کاراکردنەوەی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمەریکا دەبێت. ئەو ڕێککەوتننامەیەی چەندین ساڵە هەردوولا لە کاراکردنەوەیدا شکستیان هێناوە.

مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن یەکێک لە گرنگترین سەردانەکان دەبێت، چونکە لەو سەردانەدا کار بۆ پتەوکردنی پەیوەندی دوولایەنە ئەو دوو وڵاتە دەکرێت و ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجیی نێوانیان کارا دەکرێتەوە.

ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجیی حەوت دۆسیەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان دۆسییەکانی سیاسه‌ت و دیپلۆماسیی، ڕۆشنبیری، ئابووری و وزه‌، ته‌ندروستی و ژینگه‌، ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری و په‌یوه‌ندییه‌كان، جێبه‌جێكردنی یاسا و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بکرێت.

عەباس کازم، بەرپرسی بەرنامەی عێراق لە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک بە کوردستان24ـی گوت، "عێراق دەیەوێت بەدەر لە دۆسییەی ئەمنی، ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجیی لەگەڵ ئەمەریکا کارا بکاتەوە، هەر بۆیە شاندەکەی سوودانی هیچ بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لەگەڵدا نییە".

عەباس کازم ئەوەی خستەڕوو، "لە سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن کار بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجیی دەکرێت، بەڵام لایەنە ئەمنییەکەی ڕێککەوتننامەکە گفتوگۆی لەبارەوە ناکرێت، چونکە لیژنەی تایبەتیی هەردوولا هەن کە گفتوگۆ سەبارەت ئەو پرسە دەکەن، هەر لەبەر ئەمەشە شاندەکەی سوودانی هیچ بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لەگەڵدا نییە".

چوارچێوەی فەرمی ڕێککەوتنی ستراتیجیی کە لە تشرینی دووەمی 2009 لەنێوان ئەمه‌ریکا و عێراق ئیمزا کرا، به‌ ڕێککەوتنی دۆستایەتی و هاوکاری نێوان هه‌ردوولا دانرا، كه‌ تیایدا بناغەی هاوکاریی هاوبەش و درێژخایەنی هەردوو وڵات لە حەوت بواری سه‌ره‌كیدا داڕشت.