لەندەن دانوستان لەگەڵ چەند وڵاتێک دەکات بۆ ناردنەوەی پەنابەران

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ ئەرمینیا، کۆتدیڤوار، کۆستاریکا و بۆتسوانا دانوستان دەکات بۆ ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی ڕێککەوتنی نێوان بەریتانیا و ڕواندا، بۆ ناردنەوەی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئاماژەیان پێکراوە.

بەڵگەنامەی دزەپێکراو لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت: "بەریتانیا دەستی کردووە بە دانوستان لەگەڵ ئەرمینیا، کۆست عاج، کۆستاریکا و بۆتسوانا دەربارەی دووبارەکردنەوەی پلانی هاوشێوەی ناردنەوەی  پەنابەران بۆ ڕواندا، ئەمەش پاش لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکانیان،".

ئاماژەی بەوەش کرد، ناوەڕۆکی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان پەیوەستە بە کارەکانی حکوومەتی بەریتانیا لە ماوەی 18 مانگی ڕابردوودا بە ئامانجی گەڕان بەدوای ئەو وڵاتانەی ئارەزووی دووبارەکردنەوەی پلانی ڕواندا دەکەن.

ڕوونیشی کردەوە کە بەریتانیا ئەگەری دانوستانی هاوشێوەی لەگەڵ ئیکوادۆر، پاراگوای، پیرۆ، بەرازیل و کۆڵۆمبیاش باس کردووە، بەڵام کەمتر بایەخ بە ڕێککەوتنی لەو شێوەیە دەدات. سەبارەت بە مەغریب، تونس، نامیبیا و گامبیا، ئەوان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون دانوستان لەو بارەیەوە بکەن.

لیستی یەدەگی ئەو وڵاتانەی کە بەریتانیا بەنیازە داوای هاوکاری بکات لە ئەگەری شکستی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەو چوار وڵاتەی کە پێشتر ئاماژەیان پێکراوە، بریتین لە کیپ ڤێرد، سەنیگال، تانزانیا، تۆگۆ، ئەنگۆلا و سیرالیۆن.

لە هەمانکاتدا لە ڕۆژنامەی تایمز بڵاو بووەتەوە، دانوستانەکان لەگەڵ ئەرمینیا، کۆست عاج، کۆستاریکا و بۆتسوانا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، بەهۆی کێشە بەردەوامەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی ڕواندا، بەڵام لەندەن هیوادارە دوای ئەوەی پلانی ڕواندا دەستی پێکرد، ئەم دانوستانانە دەست پێبکاتەوە.

پێشتر ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕایگەیاندبوو، ئەنجومەنی پیرانی بەریتانیا دەنگی لەسەر ڕەشنووسی یاسای ناردنەوەی پەنابەران بۆ ڕواندا کرد. ئاماژەی بەوەش کرد، پەسەندکردنی ئەم یاسایە دواخراوە.

مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەریتانیا ڕەشنووسی یاساکەی بە خوێندنەوەی کۆتایی پەسەند کرد، سەرەڕای ناکۆکیی توندی نێوان نوێنەران.