ڤیان سەبری: کاتی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا گرنگ و هەستیارە

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کاتی سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن گرنگە و لە هەمان کاتیشدا هەستیارە؛  دەشڵێت، ئامانجێکی سەرەکی سەردانەکە، کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمەریکایە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15-04-2024، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی سەردانەکەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا؛ بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کاتی سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن گرنگە و لە هەمان کاتیشدا هەستیارە، بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن".

بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن، کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمەریکایە. گوتیشی، سەردانەکە دوو تەوەری دیکەش لەخۆ دەگرێت: کێشە داراییەکانی عێراق و کارکردن بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وەکو ئەوەی ڤیان سەبری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی کرد، نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش لەنێو شاندەکەی حکوومەتی عێراق بۆ ئەمەریکا هەن، "ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە".  

ئەمە لە کاتێکدایە سوودانی لە واشنتنە و کۆمەڵێک دۆسیەی جیاواز لە جانتاکەیدایە. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی سەردانەکەشی، کاراکردنەوەی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمەریکا دەبێت. ئەو ڕێککەوتننامەیەی چەندین ساڵە هەردوولا لە کاراکردنەوەیدا شکستیان هێناوە.

مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن یەکێک لە گرنگترین سەردانەکان دەبێت، چونکە لەو سەردانەدا کار بۆ پتەوکردنی پەیوەندی دوولایەنە ئەو دوو وڵاتە دەکرێت و ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجیی نێوانیان کارا دەکرێتەوە.

ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجیی حەوت دۆسیەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان دۆسییەکانی سیاسه‌ت و دیپلۆماسیی، ڕۆشنبیری، ئابووری و وزه‌، ته‌ندروستی و ژینگه‌، ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری و په‌یوه‌ندییه‌كان، جێبه‌جێكردنی یاسا و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بکرێت.

عەباس کازم، بەرپرسی بەرنامەی عێراق لە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک بە کوردستان24ـی گوت، "عێراق دەیەوێت بەدەر لە دۆسییەی ئەمنی، ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجیی لەگەڵ ئەمەریکا کارا بکاتەوە، هەر بۆیە شاندەکەی سوودانی هیچ بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لەگەڵدا نییە".

عەباس کازم ئەوەی خستەڕوو، "لە سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن کار بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجیی دەکرێت، بەڵام لایەنە ئەمنییەکەی ڕێککەوتننامەکە گفتوگۆی لەبارەوە ناکرێت، چونکە لیژنەی تایبەتیی هەردوولا هەن کە گفتوگۆ سەبارەت ئەو پرسە دەکەن، هەر لەبەر ئەمەشە شاندەکەی سوودانی هیچ بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لەگەڵدا نییە".

چوارچێوەی فەرمی ڕێککەوتنی ستراتیجیی کە لە تشرینی دووەمی 2009 لەنێوان ئەمه‌ریکا و عێراق ئیمزا کرا، به‌ ڕێککەوتنی دۆستایەتی و هاوکاری نێوان هه‌ردوولا دانرا، كه‌ تیایدا بناغەی هاوکاریی هاوبەش و درێژخایەنی هەردوو وڵات لە حەوت بواری سه‌ره‌كیدا داڕشت.