جووتیارانی دەوروبەری بەنداوی گۆمەسپان قەرەبوو دەکرێنەوە

بەنداوی گۆمەسپان
بەنداوی گۆمەسپان

K24 - هەولێر

ئەو جووتیارانەی زەوییان دەکەوێتە دەوروبەری بەنداوی گۆمەسپان قەرەبوو دەکرێنەوە. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێریش دەڵێت، "ئەمساڵ  لە بەنداوی گۆمەسپان ماسی بەخێو دەکەین".

ئەمڕۆ دووشەممە، 15-04-2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەریی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دڵنیایی دەدەنە جوتیاران و خاوەن زەوییەکان لەگەڵ فراوانبوونی بەنداوی گۆمەسپان هەر کەسێک زەوییەکەی بکەوێتە دەوروبەری بەنداوەکە، قەرەبوو دەکرێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر باسی لەوەش کرد، "بەهۆی گونجاویی بەنداوەکە بۆ بەخێوکردنی ماسی؛ لە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵدایە لەمساڵەوە لە بەنداوی گۆمەسپان ماسی بەخێو بکات".

80%ـی کارەکانى پڕۆژەى دروستکردنی بەنداوی گۆمەسپان لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێ کراوە و بە تەواوبوونیشی دەبێتە گەورەترین بەنداو لە هەولێر و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش دوای بەنداوی دووكان و دەربەندیخان سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان دەبێت.

تێچووی دروستکردنی ئەو بەنداوە 95 ملیار دینارە، بەرزییەکەی 70 مەتر و درێژییەکەشی 512 مەترە، ئێستا 80%ـی کارەکانی تەواو بووە و کارکردنیش تێیدا بەردەوامە و دەتوانێت 115 ملیۆن مەتر سێجا باراناو کۆ بکاتەوە. یەکەمجاریشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، کۆنکرێتی جۆری ئارسیسی لە پرۆژەی دروستکردنی بەنداودا بەکار دەهێرێت.

شەو و ڕۆژ کار لەپڕۆژەى دروستكردنی ئەم بەنداوە دەکرێت و بە تەواوبوونیشی ڕۆڵی لە پاراستنی سامانی ئاو و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی دەبێت، هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هەولێر و کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە دەبووژێنێتەوە.