دیاربەکر لە جەژنی ڕەمەزاندا پێشوازی لە 500 هەزار گەشتیار کردووە
K24 - هەولێر
دەنیز گولەر، سەرۆکی سەندیکای گەشتیاریی و خاوەن هۆتێلەکان ڕایگەیاند، بۆ بەسەربردنی پشووی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان 500 هەزار گەشتیار هاتوونەتە دیاربەکر وسەرجەم هوتێل و مۆتێلەکان جمەیان دەهات.
دەنیز گولەر بە ئاژانسی ئەنادۆلوی تورکیای ڕاگەیاندووە، دیاربەکر بەهۆی فرە فەرهەنگییەوە لە پێشەنگی پارێزگا گەشتیارییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دێت کە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن.
هەروەها ئاماژەی داوە زۆریی ژمارەی گەشتیاران لە سەرووی چاوەڕوانییەکان بووە، چونکە گشت هۆتێل و مۆتێلەکان پڕ بوون لە گەشتیاران، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەکە چەند هێندە زیادی کردووە.
دیاربەکر جیا لە سروشت و شوێنەوارە مێژووییەکانی موسڵمانان و کریستیانەکان، خاوەن پێگەیەکە لە شارستانییەت و چەند شوێنەواری مێژووییە کە لە لیستی شوێنەوارەکانی یۆنسکۆدا تۆمارکراون.
هەروەها شیرینیی دیاربەکر کە بە (قەدایف) ناسراوە لەگەڵ فرە جۆری پەنیرو بەرهەمە سپیاییەکان هۆیەکی دیکەی ڕاكێشانی گەشتیارانن بۆ شارەکە.