گۆڤاری "کوردستان بە عەرەبی" بڵاو کرایەوە

K24 - هەولێر

"کوردستان بە عەرەبی" گۆڤارێکی مانگانەی سەربەخۆیە، لە هەرێمی کوردستان دەردەچێت، هەواڵە سیاسییەکان، ڕۆشنبیری، مێژوو، بازرگانی و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی تێدا بڵاو دەکرێتەوە، جگە لە ماڵپەڕێک کە ڕۆژانە هەواڵ و ڕووداوەکانی تێدا بڵاو دەکرێتەوە.

ناوەڕۆکی "کوردستان بە عەرەبی" کۆمەڵێک بابەتی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و چەند بابەتێکی دیکە دەگرێتەوە، هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی کۆمەڵگای کوردی و بابەتەکانی بۆچوون کە لەلایەن نووسەران و ڕۆژنامەنووسانەوە نووسراون بڵاو دەکاتەوە، هەروەها ئەو پرسانە دەخاتە ڕوو کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی سەرانسەری ناوچەکەدا هەیە؛ جگە لەوەش گۆڤارەکە سەرچاوەی زانیارییە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت زانیاریی لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی مێژوو و فەرهەنگ و سیاسەت و چالاکییەکانی کورد بەدەست بهێنن.

"کوردستان بە عەرەبی" هەوڵ دەدات ببێتە سەکۆیەکی بابەتیی بۆ خوێنەران بە تێکەڵکردنی ڕۆژنامەگەریی پیشەیی لەگەڵ ڕوانگە هەمەچەشنەکان، هەروەها کەشوهەوایەکی گونجاو بێت بۆ گفتوگۆی گشتی سەبارەت بەو شتانەی کە لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە ڕوودەدەن.

کوردستان بە عەرەبی جگە لە ڕۆڵی میدیایی، لە نزیکەوە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان کاردەکات، کە لە چوارچێوەی پێکهاتە کوردییەکان لە سەرانسەری جیهاندا کاردەکەن،  "کوردستان بە عەرەبی" لە ڕێگەی چاوپێکەوتن و بابەتی بۆچوون و بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانی کە تیشک دەخەنە سەر پرسە هەنووکەییەکانی کورد، هەروا ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ کوردانی  دەرەوەی وڵات تاکوو دەستیان بە زانیاریی پێویست و دەنگوباسی هەرێمی کوردستان ڕابگات.

ژمارەی یەکەمی گۆڤاری کوردستان بەعەرەبی لە 1ـی ئاداری 2024 بە زمانی عەرەبی بڵاو کرایەوە و چەند بابەتێکی گرنگی لەخۆ گرتووە، لەوانە هەواڵ سەبارەت بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو پەیوەندیانەی کە بە وڵاتان دەیبەستێتەوە، هەروەها بابەتی مرۆیی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرسی وەرگرتنی ئاوارە لە شارەکانی عێراق و پرسی دەستپێشخەرییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر قەیرانی کەشوهەوای جیهانی و چەندین بابەتی دیکە.

ڕۆژنامەنووس و شارەزای بواری پەیوەندییەکان، کریس یۆهانس لە ژمارەی یەکەمی گۆڤارەکە باسی لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ واشنتن، نووسەر، سەردانەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ لە هاوبەشیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا وەسف دەکات.

ئەو نووسەرە لەبارەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتۆن دەڵێت، پابەندبوونی هەردوولا بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان بایەخدان  بە هاوکاریی ئەمنی و ئابووری و سیاسی بەهێزکردنی ئەم دۆستایەتییە زیاتر بووە.