"ئه‌گه‌ر ته‌لئه‌ڤیڤ وه‌ڵامی هێرشه‌كانی تاران بداته‌وه‌ جه‌نگێكی گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌كه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات"

K24 - هەولێر:

باڵیۆزی رووسیا له‌ ئیسرائیل رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئیسرائیل وه‌ڵامی هێرشه‌كانی ئێران بداته‌وه‌، جه‌نگێكی گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌كه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات.

ئه‌ناتۆلی ڤیكتۆرۆڤ باڵیۆزی رووسیا له‌ ئیسرائیل، له‌ رێگه‌ی‌ كه‌ناڵی رووسیا 24 هۆشداری له‌ ئه‌گه‌ری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئیسرائیل بۆ هێرشه‌كانی ئێران دا و رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ته‌لئه‌ڤیڤ ئه‌م كاره‌ بكات، جه‌نگێكی گه‌وره‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌رهه‌ڵده‌دات.

بەرەبەیانی یەکشەممە (14ی نیسانی 2024) سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان دۆرنی بۆمبڕێژکراو و مووشەکی بالیستی ئاراستە ئیسرائیل کرد، وەک وەڵامدانەوە و تۆڵەکردنەوەی خوێنی ئەو حەوت فەرماندەیەی سوپای پاسداران کە لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل لە دیمەشق کوژران، ئەمەش بە یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دادەنرێت.

هەروەها سوپای پاسداران جۆری ئەو مووشەک و درۆنانەی ئاشکراکرد کە ئاراستەی ئیسرائیلی کردبوو، لەوانە مووشەکی بالیستیی عیماد، مووشەکی کرووز و درۆنی شاهد 136 بوون، ڕاشیگەیاندووە، لەم هێرشەدا بەشێکی کەمی توانا سەربازییەکانیان دەرخستووە.

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئێران شکستی هێناوە و توانیویانە %99 مووشەک و درۆنەکان بخەنە خوارەوە.