پێنتاگۆن: زانیاریمان لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هەبوو

پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن

K24 – واشنتن:

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" ئاشکرایکرد، ئەمەریکا نایەوێت دۆخەکە ئاڵۆز بێت و زیاتر پەرەبسەنێت، بەڵکو رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئیسرائیل دەگرێتەبەر.

پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە نامانەوێت ململانێکان لە ناوچەکە فراوان بێت و نامانەوێت ببێتە شەڕێکی هەرێمی، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە پەیوەندیدا دەبین، ئەمەریکا پابەندە بە پاراستنی ئیسرائیل.

گوتەبێژی پێنتاگۆن، راشیگەیاند، نامانەوێت بکەوینە نێو ململانێ لەگەڵ ئێران، هەروەها زانیارییمان لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هەبوو، سەرەڕای ئەوەی ئێران پێشتر لە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل ئاگاداری نەکردووینەتەوە.

لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگری ئەمەریکا، پات رایدەر گوتی: تاوتوێی سرووشتی پەیوەندییە ستراتیژییەکانیان کرد، هەروەها باس لە رۆڵی عێراق لە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە کرا.

گوتەبێژی پێنتاگۆن، لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئاشکرایکرد، لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ئاسمانی هەولێر مووشەکی بالیستی خرایە خوارەوە.

گوتیشی: پیزانینمان بۆ هێزی پێشمەرگە هەیە.