ئەپیکور: لە دیدارەکەی کۆشکی سپی جەخت لە دەست پێكردنەوەی ھەناردەی نەوت كراوەتەوە

ئەپیکور: ئامادەین بە خێرایی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق – توركیا ھەناردە بکەینەوە
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)

K24 - هەولێر

كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان ناسراو بە (ئەپیکور) لە ڕاگەیەندراوێکدا خۆشحاڵی خۆیی لە بارەی دیداری ڕاستەوخۆی جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی دەربڕیوە و جارێکی دیکە جەختی لە ئامادەیی کۆمەڵەکە کردووەتەوە بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە.

ئەپیکور لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاماژەیداوە، كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان پێزانینی ھەیە كە سەرۆك بایدن و سەرۆك وەزیران سوودانی لە كۆوبوونەوەكەیاندا، جەختیان لەسەر دەست پێكردنەوەی خێرای ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا كردووەتەوە.

ئەپیكور جارێکی ئامادەیی دەربڕیوە بۆ بەردەوامیدان و پەلە کردن لە دەستكردنەوە گفتوگۆكان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ دەست پێكردنەوەی ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – توركیا.

کۆمەڵەکە ئاماژەیداوە، گرنگە لەگەڵ دەست پێکردنەوەی گفتوگۆکان گەرەنتی مەرجە داراییەكانی بکرێت، لە ڕێگەی ڕێككەوتنێكی فەرمیی نووسراو کە دڵنیایی بدرێت لە بارەی پێدانی پارەی ڕابردوو لەگەڵ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی داھاتووش.

لە لایەن خۆیەوە مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور ڕایگەیاندووە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکور بە قەبارەی 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستاندا کردووە، ئەمەش هاوکاربووە لە بە دەستهێنانی ئامانجەکانی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بواری وزە کە سوودانی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ جۆو بایدن لە کۆشکی سپی باسی کردووە.

کاگینز دەشڵێت: کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور زۆر ڕژدن لە بەردەوامیدان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەرچی زووتر دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا.

ئێوارەی ڕۆژی 15ـی نیسانی 2024 له‌ واشنتن سوودانی و بایدن كۆبوونه‌وه‌ و تێیدا چه‌ند پرسێكی گرنگی هاوبه‌شیی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكایان تاووتوێكرد. بایدن لە سوپاسی سوودانی كرد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی چاوی له‌ سه‌ربه‌خۆیی وزه‌ و ئابووری عێراقه‌.

هەروەها سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ شاندەکەی یاوەری سوودانی لە ئەمەریکایە گوتی: بایدن جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە دیالۆگ کردووەتەوە و بە سوودانی ڕاگەیاندووە، سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئەمەریکا گرنگە.

سەفین دزەیی ئاماژەیدا، سوودانی لەگەڵ ئەوەیە نەوتی هەرێمی کوردستان دووبارە هەناردە بکرێتەوە و ڕژدە لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

له‌ 25ی ئاداری 2023ـەوە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس، هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوە ڕاگیراوە، هەرچەندە چەند گەڕێکی دانووستان لە نێوان به‌غدا، هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەڕێوەچوو، بەڵام تا وەکوو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەنجام، هەروەها بڕیارە دوای گەڕانەوەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەمەریکا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەردانی بەغدا بکات کە جیا لە پرسی ئاسایشی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە، هەناردەکردنەوەی نەوت تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی بێت لەگەڵ حکوومەتی عێراق.