ئەمەریکا.. کارگەیەکی دروستکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا ئاگری گرت

وێنەی سووتانی کارگەکە
وێنەی سووتانی کارگەکە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی میدیا ئەمەریکییەکان، ئاگر لە کارگەیەک کەوتووەتەوە لە سکرانتۆن لە ویلایەتی پێنسڵڤانیا، کە گوللـە تۆپی 155 ملم بۆ ئۆکرانیا بەرهەم دەهێنێت.

بەپێی هەواڵێکی "ئەتڵەس نیوز" ئەو کارگەیە یەکێکە لەو حەفت کارگەیەی کە تەقەمەنی بۆ سوپای ئەمەریکا بەرهەم دەهێنێت.

ئەو ماڵپەڕە ئاماژەشی بەوەکردووە، "ئاگرێکی گەورە لە کارگەی دروستکردنی تەقەمەنی سوپای ئەمەریکا لە سکرانتۆن کەوتووەتەوە".

کۆمپانیای "جەنەڕاڵ دینامێکس" کە خاوەنی کارگەیەکەپشتڕاستی کردەوە کە ئاگر لە کارگەکە کەوتووەتەوە. کارگەکەش بڵاویکردووەتەوە ئاگرەکە کەم بووە و زوو کوژێنراوەتەوە.

ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" ڕایگەیاندووە، کارگەی سکرانتۆن بۆ تەقەمەنی، یەکێکە لەو کارگانەی بەشدارە لە دروستکردنی گوللـە تۆپی 155 ملم، بۆ سوپای ئەمەریکا، بەڵام ئیدارەی جۆو بایدن ئەوکارگەیەی ڕاسپاردووە کە بەخێرایی تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا بەرهەم بهێنێت.

پیش شەڕی ئۆکرانیا، ئەو کارگەیە مانگانە حەفت هەزار گوللـە تۆپی بەرهەم دەهێنا، بەڵام پێشبینی دەکرێت تاوەکو 2027 مانگانە 35 هەزار گوللـە تۆپ بەرهەم بهێنێت.