ئەمەریکا: بە بەهای سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار هاوکاریی عێراقمان کردووە

ئاڵاکانی عێراق و ئەمەریکا
ئاڵاکانی عێراق و ئەمەریکا

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2014ـەوە بە بەهای سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار هاوکاریی مرۆیی بۆ بەرەوپێشچوونی عێراق تەرخانکراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەی بە لیژنەی باڵای هەماهەنگی نێوان ئەمەریکا و عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوە دەکات، لە ساڵی 2014ـەوە بە بەهای سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار هاوکاریی مرۆییان بۆ بەرەوپێشچوونی عێراق تەرخانکردووە، ئامانج لە هاوکارییەکانیشیان پشتیوانیکردنی سەقامگیریی و سەروەری عێراقە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، لەساڵی 2023ـدا بەبەهای 150 ملیۆن دۆلار هاوکارییان بۆ بەرەوپێشچوونی عێراق تەرخانکردووە، سەرباری ئەمەش لە بوارەکانی چاکسازی ئابووری، گۆڕانەکانی کەشوهەوا، وزە و ئاو و  کارەبا هاوشانی خوێندنی باڵا هاوکاری عێراقییان کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ دووشەممە، 15-04-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق یەكەم سەردانی بۆ كۆشكی ئەنجامدا و لە ئۆڤاڵ ئۆفیس لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمه‌ریكا كۆبووەوە. كۆمه‌ڵێك پرسی تایبه‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پرسه‌ ناوخۆییه‌كانی عێراق تاوتوێكران. له‌و كۆبوونه‌وه‌دا به‌شێكی سه‌ره‌كی په‌یوه‌ست بوو به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غداو كردنه‌وه‌ی گرێكوێره‌كان بۆ چاره‌سه‌رری كێشه‌كانی نێوانیان كه‌ تیایدا جه‌خت له‌ به‌رده‌وامیدان به‌ دیالۆگ و پرسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان و پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كرایه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌و گفتوگۆیانه‌ی تایبه‌تبوون به‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنیان، کۆشکی سپی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی دیداری جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووه‌، هەردوولا جەختیان لە گەیشتنی نەوتی عێراق بە بازاڕەکانی جیهان کردووەتەوە و خواستیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی دەربڕیوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی سوودانی و جۆ بایدن دا هاتووە، سەرۆکی ئەمەریکا پێزانینی خۆیی بۆ رۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیداڵی سەبارەت بە چارەکردنی کێشەکانی مووچە و دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربڕبووە.