37 ساڵ بە سەر کیمیابارانی دۆڵی خۆشناوەتی تێدەپەڕێت
K24 – هەولێر
ئەمڕۆ 16ی نیسان، 37 ساڵ بە سەر یەکەم هێرشی کیمیاویی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کوردستان تێدەپەڕێت کە لە دۆڵی خۆشناوەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، ناوچەکانی بالیسان و شێخ وەسان و گوندەکانی دەوروبەری کردە ئامانج، بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی شەهید و بریندار و ئەنفال کران.
ئێوارەی 16ی نیسانی ساڵی 1987 ڕژێمی عێراق ھێرشی کیمیاوی کردە سەر دۆڵی بالیسان و گوندەکانی خۆشناوەتی کە بە یەکەمین هێرشیی کیمیاویی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کوردستان هەژمار دەکرێت و بەهۆیەوە دەیان کەس لەژن و پیاو و منداڵ شەھید و برینداربوون.
دوای هێرشە کیمیاوییەکە دەیان هاووڵاتیی لە برینداربووان کە بۆ چارەسەر گەیەندراوبوونە نەخۆشخانەکانی هەولێر لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی بەعسەوە ڕفێندران و ئەنفالکران، تا وەکوو ئێستاش چارەنوسییان نادیارە.
کیمیابارانکردنی دۆڵی خۆشناوەتی ئەم گوندانەی گرتەوە:
- شێخ وەسان
- کانی بەرد
- بێراوە
- شیرە
- خەتێ
- بالیسان
- مەلەکان
- دەڕاش
لە هێرشە کیمیاوییەکە و ئەنفال کردنی بریندارەکاندا263 هاووڵاتیی شەهید و 800 هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.
هەر وەک ڕێزلێنانێک بۆ شەهیدان و قوربانیانی کیمیابارانەکەی دۆڵی خۆشاوەتی پهرلهمانی کوردستان لە دانیشتنی ڕۆژی 7ی نیسانی ساڵی 2008 بە بڕیاری ژمارە یهكی ساڵی 2008، ڕۆژی 16ی نیسانی هەموو ساڵێكی بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان دیاری کرد.
ساڵانە لە ساڵیادی کیمیابارانی دۆڵی خۆشناوەتیی و ڕۆژی ژینگەی کوردستان دامودهزگاكانی حكوومهت و هاووڵاتییان و چین و توێژهكان به چاندنی نهمام و چالاكیی دیكهی ژینگهپارێزی، رۆژی ژینگه بهرز ڕادهگرن.
بە گوێرەی ماددەکانی 112 و 132ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، حکوومەتی فیدراڵی وەک میراتگرەوەی ڕژێمی پێشووتری عێراق دەبێت پابەند بێت بە گەشەپێدانی ناوچە کارەساتبارەکان و قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس، بەڵام تا وەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق پابەند نەبووە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو، لە کاتێکدا بەردەوام حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لە جێبەجێ کردنی ئەو ماددە دەستووریانە دەکاتەوە.