پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی شووتی لە سنووری بەردەڕەش بگاتە 30 هەزار تۆن

چاندنی شووتی لە سنووری قەزای بەردەڕەش
چاندنی شووتی لە سنووری قەزای بەردەڕەش

K24 - هەولێر

نزیکەی چوار هەزار دۆنم زەوی لە سنووری قەزای بەردەڕەش بە شووتی داچێندراوە. جووتیارێکی دەڤەرەکە دەڵێت، هەرگیز هێندەی ئەمساڵ شووتی نەچاندووە و پێشبینی دەکات، بەرهەمێکی باشی هەبێت.

مام لوقمان جووتیارێکی دانیشتووی ناحیەی دارەتووی سەر بە قەزای بەردەڕەشە. ئەو لەگەڵ منداڵەکانی سەرقاڵی چاندنی شووتییە. ئەوان ساڵانە لەنێو ئەم دەشتەدا شووتی دەچێنن و وەکو خۆیان دەڵێن، ئەمساڵ زیاتر لە هەموو ساڵێکی دیکە شووتییان چاندووە.

لوقمان گۆران، جووتیارە و دەڵێت، "پارەیەکی زۆرمان خەرجکردووە، لەوانەیە مانگی شەش شووتییەکان پێ بگەن، بۆیە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، مانگی شەشی ئەمساڵ رێگە لە هاوردەکردنی شووتی لە دەروازە سنوورییەکان بگرێت".

نەسرەددین حەسەنیش جووتیارێکی دیکەی دەڤەرەکەیە و باس لەوە دەکات، "ئەمساڵ شووتییەکی زۆرمان چاندووە، لەوانەیە مانگی شەش پێ بگەن؛ بەڵام ئەگەر شووتی لە دەرەوە هاوردە بکرێت، ماندووبوونەکەمان هەموو بە فیڕۆ دەچێت. ئەگەر لە دەرەوەش هاوردە نەکرێت، بازاڕمان دەبووژێتەوە".

جووتیارانی ئەم دەڤەرەیە، ئەمساڵ هەموو سەرنجیان خستووەتە سەر چاندنی شووتی. بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی بەردەڕەشیش ئەم چەندە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە.

تەحسین سلێمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش ئاماژە بەوە دەدات، "سنووری قەزای بەردەڕەش خاکێکی بە پیت و بەرەکەتی هەیە، بۆیە ساڵانە دەیان جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی لێ بەرهەمدەهێندرێت. هاوکات لە سنووری قەزاکەمان دەیان بیری ئیرتیوازیش هەن ئەمەش وایکردووە جووتیاران پشت بەو ئاوە ببەستن و کێشەی ئاویان نەبێت".

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی تۆمارکراون، ئەمساڵ زیاتر لە چوار هەزار دۆنم زەوی لە سنووری قەزای بەردەڕەش، بە سێ جۆری جیاوازی شووتی داچێندراون. پێشبینیش دەکرێت، بەرهەمی شووتی لە سنووری قەزاکەی بگاتە 30 هەزار تۆن.

تاکە داخوازی جووتیارانی سنووری قەزای بەردەڕەش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، هەر لە ئێستاوە کار بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانیان بکات بۆ ئەوەی ماندبوونەکەیان بەفیڕۆ نەچێت.