وەزیری تەندروستی: هەڵمەتی کوتان دژی نەخۆشی گواستراوەی سورێژە تەواوی کوردستان دەگرێتەوە

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی

K24- هەولێر

وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند، نەخۆشی سورێژە نەخۆشییەکی گواستراوەیە ئەگەر ئەم نەخۆشییە کۆنتڕۆڵ نەکرێت بەردەوام دەبێت لە لەناو بردنی بەرگری لەشی منداڵان.

ئەمرۆ سێشەممە، 16ـی نیسانی 2024، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دهۆک د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتی کوتان دژی سورێژە دەستی  پێکرد، پەیامی ئێمە لەم ڕۆژەدا ئەوەیە لە هەموو گوندێک و شوێنە دوورە دەستەکان و ئەو شوێنانەی کە هاتووچۆ تێیدا سەختە ئەو منداڵانەی کە هەڵمەتەکە دەیانگرێتەوە بکوترێن.

بەگوتەی ئەو، "ئەم هەڵمەتە گرنگە، چونکە نەخۆشی سورێژە نەخۆشییەکی گواستراوەیە، ئەگەر بێت و ئەم نەخۆشییە کۆنتڕۆڵ نەکرێت و بەردەوام بێت، پارێزی نەکرێت بوونی بەرگری لەش لەناو منداڵان و نەوەکانی ئایندەدا نامێنێت و ئەم نەخۆشییە ڕوو لە زیاد بوون دەکات، هەر بۆیە ئەم هەڵمەتە هەڵمەتێکی گشتگیر و گرنگ دادەنرێت."

سامان بەرزنجی گوتیشی: "دوای ئەوەی کوتانی سورێژە بەتەنیا لە منداڵانی نۆ مانگی دەدرێت و سورێژەی تێکەڵاویش لە منداڵانی 15 مانگی دەدرێت، واتە "لە تەمەنی ساڵیک و سێ مانگی"، و هەروەها لە منداڵانی نێوان چوار بۆ شەش ساڵیش، ژەمی دووەمی سورێژەی تێکەڵاو دەدرێت. بەڵام بۆ مسۆگەر کردنی بەرگری لەش چەند جارێک هەڵمەت ئەنجام دەدرێت".

ڕاشیگەیاند، بۆ ئەمساڵ ئەم هەڵمەتە گرنگە، دوای ئەوەی کار و پلانێکی گرنگی بۆ دانرا و لە ماوەیەکی کورت و پێوانەییدا ژمارەیەکی ئێجگار زۆر منداڵان کوتانی سورێژەی تێکەڵاو وەردەگرن.