هەموارکردنەوەی یاسایەک لە عێراق، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەران دەکات

دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

پەرلەمانی عێراق، هەشت مانگ بەر لە ئێستا، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ یاسای هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی ژمارە 8ـی ساڵی 1988ـی کرد، کە بریتییە لە توندکردنی سزاکان، بەتایبەتی هاوڕەگەزبازی یان ژن گۆڕینەوە.

 هەموارکردنەوەی یاساکە کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن لیژنەی یاسایی پەرلەمانەوە خرایەڕوو، بۆ یەکەمجار لە 15ـی ئابی 2023 خوێندنەوەی بۆ کرا، هاوکات یاساکە ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە و فشاری نێودەوڵەتیش لەسەر پەرلەمان هەبوو بۆ ئەوەی یاساکە جێبەجێ نەکات.

 دوای کشاندنەوەی یاساکە، بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی تانەیان لە دادگای فیدراڵی لە دژی کشانەوەی ئەو یاسایە تۆمار کرد، دادگای باڵای فیدراڵی لە مانگی 1ـی ساڵی 2024 بڕیاریدا، کە کشاندنەوەی یاساکە نادەستوورییە و دواتر پەرلەمان توانی لە 1ـی شوباتی 2024، خوێندندنەوەی دووەم بۆ یاساکە بکات.

دوێنێ دووشەممە، 15ـی نیسان، یاساکە خرایە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان، لە بڕگەی دووەمدا دوای بڕگەی دەنگدان لەسەر یاسای هەموارکردنەوەی یاسای چاودێریکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، پەرلەمان دانیشتن و دەنگدان لەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی و بڕگەکانی دیکەی لەشفرۆشی دواخست.

چەند کاتژمێرێک دوای دواخستنەکە، لیژنەی یاسایی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، بۆ تاوتوێکردنی ئەو تێبینیانەی کە پێشکەشکرابوون سەبارەت بە یاسای پێشنیارکراوی هەموارکردنی یەکەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی ژمارە (8)ـی ساڵی 1988 پێش ئەوەی دەنگدانی بۆ بکرێت، بەڵام لیژنەکە باسی لە ناوەڕۆکی ئەو تێبینیانە نەکرد.

زانیاری و ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، هەموارکردنی یاساکە توندکردنی سزاکانی هاوڕەگەزبازانی لەخۆگرتووە، کە سزاکە دەگاتە لەسێدارەدان یان زیندانیکردنی هەتاهەتایی، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە باڵیۆزەکان و ڕێکخراوەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا بترسن لە پەسەندکردنی ئەم یاسایە ، کە ڕەنگە یاساکە ببێتە هۆی لەدەستدانی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هەندێک وڵاتی دیکە.

 ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دیپلۆماتکارانی سێ وڵاتی ڕۆژئاواییەوە ڕایگەیاندووە، بەهۆی مەترسییەکان لەسەر مافی مرۆڤ، فشاریان خستۆتە سەر دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ ئەوەی ڕەشنووسی یاساکە پەسەند نەکەن، لەبەر ئەوەی کارکردن لەگەڵ عێراقیش لە ڕووی سیاسییەوە قورس دەکات.

دیپلۆماتکارێکی باڵا، کە داوای کرد بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە ناوی نەهێنرێت گوتی: "زۆر قورس دەبێت پاساو بۆ کارکردن بهێنینەوە لەگەڵ وڵاتێکی وەک ئەم" دەشڵێت: ئ"ێمە با زۆر ڕاشکاوبین، ئەگەر ئەم یاسایە بە شێوەی ئێستای تێپەڕێنرێت، دەرئەنجامەکانی کارەسات دەبێت بۆ پەیوەندییە دووقۆڵی و بازرگانییەکانمان".

 هاوڕەگەزبازی لە زیاتر لە 60 وڵاتی جیهان بە تاوان دادەنرێت، هاوکات لە زیاتر لە 130 وڵاتی دیکەی جیهان ڕێگە پێدراوە.

 ئەمە لەکاتێکدایە ئۆگەندا لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا یاسای سزای لەسێدارەدانی بۆ هاوڕەگەزبازی دەرکرد، لەبەرانبەردا بانکی نێودەوڵەتی، قەرزە نوێیەکانی بۆ ئەو وڵاتەی ئەفریقا ڕاگرت، هەروەها ئەمەریکا ڤیزا و گەشتکردنی بەسەر بەرپرسانی ئۆگەندا سنووردارکرد.

 یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 ماددەیەکی تێدایە کە ئەوکەسانەی کردەوەی "نێربازی دەکەن" بەتاوانبار وەسفی کردوون، ئەگەر هاتوو دوو مەرجی تێدابوو، وەک "تەمەنی باڵغنەبوون، یان نەبوونی ڕەزامەندی کەسەکە، واتە لە ئەگەری باڵغبوون یان ڕەزامەندی کەسەکە هیچ سزایەک نییە بۆ ڕێگریکردن لەو کردەوەیە.