دلۆڤان محەممەد: هەڵمەتی کوتانی دژە ڤایرۆسی سورێژە گرنگە و چەند ساڵ جارێک دەکرێت

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی ئەم هەڵمەتەی چەند ساڵ جارێک ڕاگەیاندووە، بۆ ئەو کەسانەی کە پێکوتەیان وەرنەگرتووە تاکو کەسانی دیکە تووش بەو ڤایرۆسە نەکەن، ئەم ڤاکسینە وەربگرن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی نیسانی 2024، د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستیی هەولێر، لەمیانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، هەڵمەتی کوتان دژی نەخۆشیی سورێژە بابەتێکی گرنگە، چونکە یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی وەزارەتی تەندروستی، تەندروستیی گشتییە. ئەو هەڵمەتەی ئێستەش ڕاگەیەندراوە هەڵمەتی پێکوتە دژی نەخۆشیی سورێژە، بابەتێکی تەندروستی گشتییە بۆ منداڵان، کە دەبێتە هۆی بەرگری لەش دژی ئەم نەخۆشییە تاکو تووش نەبن.

بەگوتەی ئەو، "نەخۆشیی سورێژە یەکێک لەو نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانەی کە  لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکە دەگوازرێتەوە، بەتایبەت لە قوتابخانەکان کە زۆرجار لە خێزانەکان یاخود منداڵەکان دەبیستین دەڵێن لە قوتابخانە لە منداڵانی دیکە تووش بووە."

ئەو گوتیشی: "ئێمە خشتەیەکی ڕۆتینمان هەیە لە هەموو بنکەکانی ناو شار و دەرەوەی شار، کە منداڵی کۆرپە تاکو تەمەنێکی دیاری کراو، چەندین پێکوتە هەیە پێویستە وەری بگرێت، ڕەنگە بە چەند هۆکارێک ئەو منداڵە ئەو ڤاکسینە وەرنەگرێت، دەبێتە هۆی ئەوەی تووشی نەخۆشییەکە بێت و خەڵکانێکی دیکەش تووش بکات، چوار ساڵ تا پێنج ساڵ جارێک نە خۆشیی سورێژە سەر هەڵدەدات بەهۆی ئەوەی ئەوانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە و پێکوتەیان نەکردووە."

دلۆڤان محەممە، ڕاشیگەیاند، وەزارەتی تەندروستی ئەم هەڵمەتەی چەند ساڵ جارێک ڕاگەیاندووە، بۆ ئەو کەسانەی کە پێکوتەیان وەرنەگرتووە تاکو کەسانی دیکە تووشی ئەو ڤایرۆسە نەکەن، ئەم ڤاکسینە وەربگرن.