هێنانی وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی؛ ئامانجێکی هاوبەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقە

ئاڵاکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ئەمەریکا
ئاڵاکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ئەمەریکا

K24 - هەولێر

پرسی هێنانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی، پێویستی بە ڕەخساندنی هەلی کار و زەمینەسازیی تەواوە، لەو ڕووەوە هەرێمی کوردستان هەنگاوی جیددی ناوە. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا، هەوڵ دەدات وەبەرهێنەرە ئەمەریکییەکان ڕازی بکات زیاتر لە عێراق کار بکەن.

هێنانی دەستی کاری ئەمەریکی، لە ئەجێندای سەردانی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتندا بووە.

لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمەریکی هەن کە لە بواری وزە و بواری دیکەدا کار دەکەن، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیریی و دژایەتیکردن و ناڕەزایی بەشێک لە گرووپ و لایەنەکان بۆ بوونی هێز و بنکە ئەمەریکییەکان لە وڵاتەکەدا، بەشێک لەو کۆمپانیا ئەمەریکیانە ناچاربوون عێراق بەجێ بهێڵن.

پرسی ڕاکێشانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی، پێویستی بە ڕەخساندنی هەلی کار و زەمینەسازی تەواوە, لەو ڕووەوە هەرێمی کوردستان هەنگاوی جددی ناوە. لە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا و دیداری لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمەریکا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ئەمەریکییەکانی ڕاگەیاند، "چاوم لەوەیە زۆربەتان بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان بکەن". هەر لە دیدارەکەدا، جێگری وەزیری وزەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەدا، پەرۆشن بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم و ئاسانكارییەكان جێگەی خۆشحاڵین.

ئێستاش و لەم سەردانەیدا محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەوڵ دەدات کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ئەمەریکییەکان ڕازی بکات زیاتر بێنە عێراق و وەبەرهێنانی تێدا بکەن، بەڵام نەبوونی زەمینەسازی تەواو و ناسەقامگیریی ئەمنی و سیاسی، بەربەستی زۆری لەبەردەم ئەو هەنگاوەی سوودانیدا دروست دەکات، کە وەک محەممەد نەجاڕ، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وەبەرهێنان ئاماژەی پێ دەدات، عێراق لە ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی زەمینەسازی تەواو، پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنانی تێدا نەکراوە، بەڵکو زۆرینەی بودجەکەی بۆ شەڕ و کڕینی چەک خەرج کراوە.

بەشێک لە ئابووریناسە ئەمەریکییەکان پێیان وایە، دوای بەجێهێشتنی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل کە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئەمه‌ریکییە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو دوای نزیکەی 10 ساڵ کارکردن لە عێراق، چانسی متمانە پێکردنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بۆ هاتنیان بەرەو عێراق کەمتر دەکات.