شارەزایەکی بواری وزە: فشار لە حکوومەتی عێراق دەکرێت دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکاتەوە

محەممەد ئەمین هەورامانی، شارەزای کاروباری وزە
محەممەد ئەمین هەورامانی، شارەزای کاروباری وزە

K24 - هەولێر

شارەزایەکی بواری وزە ڕایدەگەیەنێت، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەهای زیاتر لە 12 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق گەیاندووە. دەشڵێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی فشار لە حکوومەتی ئێستای عێراق دەکرێت دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16-04-2024، محەممەد ئەمین هەورامانی، شارەزای کاروباری وزە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی لوولەی نەوتی عێراق – تورکیا؛ تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆو بایدن بووە لە کۆشکی سپی.

بە گوتەی ئەو شارەزایەی کاروباری وزە، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەهای زیاتر لە 12 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق گەیاندووە؛ بۆیە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە نەوتی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات هەناردەبکرێتەوە و ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی بۆ ئەو مەبەستە بکرێت.

 محەممەد ئەمین هەورامانی ئاماژەی بەوەش کرد، بە درێژایی مێژوو، حکوومەتە یـەک لە دوا یەکەکانی عێراق حەزیان نەکردووە هەرێمی کوردستان خۆی نەوتەکەی هەناردە بکات و هەموو هەوڵێکیان بۆ ڕێگرتن لەوە گرتووەتەبەر. گوتیشی، "حکوومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی، هەوڵی چارەکردنی کێشەکان دەدات و هەوڵ دەدات ئابووریی عێراق ببووژێنێتەوە".

وەکو ئەوەی ئەو شارەزایەی کاروباری وزە باسی کرد، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی فشار لە حکوومەتی ئێستای عێراق دەکرێت دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەبکرێتەوە، داهاتەکەی لەگەڵ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان پاکتاو دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی سپی؛ جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەیاندا؛ جەختیان لە گەیشتنی نەوتی عێراق بە بازاڕەکانی جیهان کردووەتەوە و خواستیان بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، دەربڕیوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی سوودانی و جۆ بایدن دا هاتووە: "سەرۆکی ئەمەریکا پێزانینی خۆیی بۆ ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیداڵی سەبارەت بە چارەکردنی کێشەکانی مووچە و دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە".

له‌ 25ی ئاداری 2023ـەوە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس، هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوە ڕاگیراوە، هەرچەندە چەند گەڕێکی دانووستان لە نێوان به‌غدا، هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەڕێوەچوو، بەڵام تا وەکوو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەنجام، هەروەها بڕیارە دوای گەڕانەوەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەمەریکا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەردانی بەغدا بکات کە جیا لە پرسی ئاسایشی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە، هەناردەکردنەوەی نەوت تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی بێت لەگەڵ حکوومەتی عێراق.