پوتین و ڕه‌ئیسی ئاڵۆزییه‌كانیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تاووتوێ ده‌كه‌ن

K24 - هەولێر:

هه‌ردوو سه‌رۆكی ئێران و ڕووسیا ڕایده‌گه‌یه‌نن،‌ ڕێگریی له‌ فراوانبوونی ئاڵۆزییه‌كانیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن.

به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری ڕووسیا (كرملین)، ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 16ـی نیسانی 2024)، له‌میانی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی‌ نێوان ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌رۆككۆماری ئێران و ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی ڕووسیا، ڕه‌ئیسی رایگه‌یاند، ئێران نایه‌وێت ئاڵۆزییه‌كانی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست فراوانتر ببن.

هه‌روه‌ها ڕه‌ئیسی به‌ پوتنی گوت: هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل سنووردار بوو.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی ڕووسیا رایگه‌یاند، پێویسته‌ ئێران و ئیسرائیل دان به‌خۆدا بگرن، دووباره‌ هێرش نه‌كه‌نه‌وه‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كتر و له‌ ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی هێرشه‌كان، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تووشی كاره‌ساتی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆشكی كرملین، له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان پوتن و ڕه‌ئیسی، تاووتوێی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرا، به‌تایبه‌ت پرسی هێرشی ئیسرائیل بۆسه‌ر كونسوڵگه‌ریی ئێران له‌ دیمه‌شق و كوژرانی 18 كه‌س و هه‌روه‌ها كاردانه‌وه‌كانی ئێران به‌هۆی ئه‌م هێرشه‌وه‌.

هه‌روه‌ها پابه‌ندی خۆیان به‌ كۆتاییهێنان به‌ ئاڵۆزییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاماده‌كاری بۆ چاره‌ی سیاسیی و دیپلۆماسی بۆ ئاڵۆزییه‌كان دووپات كرده‌وه‌.

شەوی شەممە، 13-04-2024، دەوروبەری کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.

دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل، توانیویەتی سەدا 99ـی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بخاتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگەنە ناو ئەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکە. گوتیشی، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران؛ کچێکی تەمەن 10 ساڵان بە سووکی لە باشووری ئیسرائیل بریندار بووە.

بە گوتەی بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل؛ ئێران لە هێرشەکەی شەوی رابردوویدا، 170 درۆن، 30 مووشەکی جۆری "کرووز" و 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و زۆرینەیان خراونەتە خوارەوە. هاوکات بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە، لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرانە خوارەوە.

هێرشەکەی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێ کەوتەوە؛ یەکێتیی ئەوروپا و هەر یەکە لە وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سعوودیە و چەندین وڵاتانی دیکەی ناوچەکە "بە توندی" هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد. وابڕیاریشە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشەکە بکات.