سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە جیا لەگەڵ باڵيۆزانی فه‌ره‌نسا و  يه‌كێتيى ئه‌ورووپا لە عێراق، کۆبووەوە

نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و پاتریک دورێل، باڵوێزی فەرەنسا لە عێراق
نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و پاتریک دورێل، باڵوێزی فەرەنسا لە عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە جیا لەگەڵ باڵیۆزانی فەرەنسا و یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کۆبووەوە و تیایدا بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی نیسانی 2024) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ پاتریک دورێل، باڵوێزی فەرەنسا لە عێراق کۆبووەوە و دەربارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان کرد.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی هەموو لایەنەکان کردەوە، هاوکات بەرەوپێشچوونەکانی گفتوگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند.

لەمیانەی دیدارێکی دیکەدا نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کۆبووەوە.

لە دیارەکەی نێوانیان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بیروڕایان گۆڕییەوە و هاوڕابوون کە بۆ نوێکردنەوەی شەرعییەت و پرۆسەی دیموکراسی، گرنگ و پێویستە هەڵبژاردن بکرێت.

هه‌ردوولا باسيان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر، به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌كردنى كێشه‌كانيان كرد، ئەم هەنگاوانەی دوایی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایان بە گرنگ وەسف کرد.

هاوکات بره‌ودان به‌ په‌يوه‌نديى بازرگانيى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.