سەرۆك بارزانی: پارتی هەردەم بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئامادەیە

K24 - هەولێر:

ڕۆژی سێشەممە 16ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە بەڕێز پاتریك دوریل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەروەها بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی هەرێم و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بەوەی كە لەپێناو چارەكردنی كێشەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا دیالۆگ بەرقەرارە و ئەوەشی خستە ڕوو، فەرەنسا هەموو كاتێك هاوسۆز و پاڵپشتی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە و پێویستە مافەكانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدراڵدا بپارێزرێن. جەختیشی كردەوە كە وڵاتەكەی دیالۆگ بە باشترین ڕێگە دەزانێت بۆ چارەكردنی گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها كێشە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.

هەر لەو دیدارەدا، سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی فەرەنسا هەبوو لە پشتیوانیی مافە ڕەواكانی گەلی كورد لە هەموو قۆناغەكاندا. سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بە خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان دا لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و سەروەری و مافە نەتەوەییەكان و ڕەتكردنەوەی جیاكاری و ستەم. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بریتیە لە پێشێلكردنی دەستوور و پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنەكان و هەروەها دروستبوونی مەترسی لەسەر پرۆسەی دیموكراسی و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كە هەرێمێكی دەستووری و بەرهەمی قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلەكەمانە. سەرۆك بارزانی بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی بە مافێكی سروشتیی خەڵكی كوردستان لە قەڵەم دا، كە بە هیچ شێوەیەك نابێ بكرێتە كارتێكی سیاسی و دژی هەرێم بەكار بهێندرێت. هەر لە درێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی دیالۆگی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ ڕاگەیاند و بە باشترین ڕێگە بۆ چارەکردنی كێشەكان نێوان هەردوولای وەسف كرد.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، سەرۆك بارزانی تەئكیدی كردەوە كە پارتی هەردەم ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە دەرئەنجامەكانی دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی بێت و  پێکهاتەکان بتوانن نوێنەرایەتیی ویست و دەنگی خۆیان بکەن و دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و گیروگرفتی یاسایی و تەکنیکی. سەرۆك بارزانی هیوایشی خواست لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم و ڕەچاوكردنی كولتوور و بەهاكانی دیموكراسی لە خزمەتی پاراستن و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستاندا بن.