هەوڵدەدرێت عەنكاوە و شاری سترلینك هایتسی ئەمەریکی بکرێنە دەستەخوشک

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی شاری دیترۆیت لە ویلایەتی میشیگن ده‌كات لەگەڵ ژووری بازرگانی كلدانی كۆدەبێتەوە. سەرۆكی ژووری بازرگانی كلدانی - ئەمەریكی دەڵێت، "كار لەسەر ئەوە دەكەین عەنكاوە و شاری سترلینك هایتس بكەینە دەستە خوشك".

شاندی بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كورستان و عێراق لەگەڵ بازرگان و كۆمپانیا گەورەكانی بواری وەبەرھێنان لە واشنتن كۆبوونەتەوە. بڕیارە سەرۆكوەزیرانی عێراقیش سەردانی شاری دیترۆیت لە ویلایەتی میشیگن بكات، لەگەڵ ژووری بازرگانی كلدانی كۆدەبێتەوە.

سەرۆكی ژووری بازرگانیی كلدانی - ئەمەریكی بە كوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشتر لە ئەمەریكا لەگەڵ سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی كۆبوونەوەیان هەبووە و لەگەڵ سەرۆكوەزیران سوودانیش كۆدەبنەوە و ئامانجیان هێنانی وەبەرهێنەری ئەمەریكییە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق.

مارتن مەننا، سەرۆكی ژووری بازرگانی كلدانی ئەمەریكی گوتی، "ئەوەی بۆ بەغدا و هەولێر گرنگە ئەوەیە ئەم پێكهاتانە دەرگای سەرەكین بەرووی رۆژئاوا، لەرێگەیانەوە دەتوانرێت وەبەرهێنان و دەرفەت ڕوو لە هەرێمی كوردستان و عێراق بكات. ئەیلوولی ئەمساڵ شاندێكی بارزگانیمان سەردانی هەولێر و بەغدا دەكەن. ئێستا هەمووشتێك بە ئاراستەیەكی باش دەچێتە پێشەوە. ئەگەر بتوانین كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكەین".

بە گوتەی مارتن مەننا، "وەبەرهێنەرێكی زۆر هەن دەیانەوێت وەبەرهێنان لە عێراق و كوردستان بكەن. 26ی نیسان سەرۆكی شارەوانی عەنكاوە سەردانی ئەمریكا دەكات. پێشتریش شانازی ئەوەمان هەبوو سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی ببینین، هەروەها پارێزگاری دهۆك و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانمان بینیوە. كاریش لەسەر ئەوە دەكەین عەنكاوە و شاری سترلینك هایتس بكەین دەستە خوشك."

لیژنەی باڵای هەماهەنگی ئەمریكا - عێراق بەشێكی شاندەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراقن و نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا بەشداری كۆبوونەوەكان بووە. سەرۆكی فەرمانگەی ئەمەریكا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكەیان پێنج تەوەری سەرەكی تێدا بووە و یەكێك لەو تەوەرانە وەبەرهێنان بووە. 

ئەمریكا كار لەسەر ئەوە دەكات بۆ قۆناغی داهاتووی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق بابەتی سەربازی لە پرسەكانی دیكە جیابكاتەوە، هەنگاوی یەكەمیش لە ڕێگەی وەبەرهێنان و بازرگانیەوە دەست بە دروستكردنی پەیوەندییەكی ئاسایی و جیاواز لەگەلً عێراق دەكات.