کونسوڵی بەریتانیا: بەلای ئێمەوە چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا گرنگە

"سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا سەرکەوتو بوو، هیوادارین سەرۆکوەزیرانی عێراقیش سەرکەوتوو بێت"
جەیمس گۆڵدمان، کونسولی گشتی بەریتانیا
جەیمس گۆڵدمان، کونسولی گشتی بەریتانیا

K24 – هەولێر

کونسوڵی گشتی بەریتانیا ڕایگەیاند، گفتوگۆ باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، تا زیاتر حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی بەغدا گفتوگۆ بکەن، چانسی زیاترییان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە جیاوازەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی نیسانی 2024، لە هەشتەمین دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمەریکی – سلێمانی جەیمس گۆڵدمان، کونسوڵی گشتی بەریتانیا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی گرنگە بۆ سەقامگیری و ئارامی سەرجەم عێراق. هەبوونی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا، بەلای ئێمەوە بنەڕەتی و گرنگە، ئەوەش زۆر ئەرێنیانەیە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا پێش جەژن.

بەگوتەی ئەو: "ئێمە هەندێک گۆڕانکاری ئەرێنیمان بەدی کرد بۆ نموونە دابەشکردنی مووچە، کە هەنگاوێکی زۆر ئەرێنی بوو. بەشێک لە کێشەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان چارەسەر بوون و چارەسەرییان بەخۆیانەوە بینیوە، هیوادارین بەردەوامبن لە چارەسەر کردنی کێشەکان، گرنگە بۆ ئێمە کە بیڵەین لە دیداری سلێمانی، نوێنەرە سیاسییەکان دەبینین لە عێراق و هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵییش کە بەیەکەوە بەشداری لە دیدارەکان دەکەن."

سەبارەت بەوە کە ئەوان پێیانوایە پێکەوە چارەسەری کێشەی نێوان حکوومەتی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێم بکەن و بکەونە ڕێککەوتنێک ئایا دەگەنە ڕێککەوتن؟ ئەو دەڵێت: "بەڵێ، بێگومان گفتوگۆ باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هیواداریشین سەردانەکەی سەرۆکوەزیران سەرکەوتووبێت، لەپێشوودا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانێکی باش و سەرکەوتووی لە ئەمەریکا ئەنجامدا، هیواداریشین محەممەد شیاع سوودانیش سەردانێکی باشی هەبێت.

ئەو کونسولە دەشڵێت: "ئێمە پێمانوایە چەند گرنگی زیاتر بە گفتوگۆ و دیالۆگی زیاتر بدەین، دەگەینە چارەسەر، چونکە دیالۆگ هیچی لێ بەرهەم نایەت جگە لە خاڵی ئەرێنی بوون، تا زیاتر حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی بەغدا گفتوگۆ بکەن، چانسی زیاترییان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە جیاوازەکان. بە تایبەت ئەو کێشانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە."

دەربارەی ئەو چەند پرسەی کە لەناوخۆی عێراق هەیە، جەیمس گۆڵدمان گوتیشی: "ئێمە گوێمان لە قسەی هەموو پارتەکان گرتووە، و ڕۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ئەوەیە کە گوێ بگرێت و ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و لە کێشەکان بگەین، ئێمە لەوە تێدەگەین کە بەشێک لە پارتەکان نیگەرانیان هەیە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی بەهەموو پارتەکانمان گوتووە پێویستە گەشبین بین  و سەیری داهاتوو بکەین، و کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکان ئەوەیە پارتەکان بەیەکەوە دانیشن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ئێمە پێمانوایە پڕۆسەی هەڵبژاردن پڕۆسیەکی گرنگە هیوادارین بەزووی ئەو پڕۆسیە بەڕێوەبەچێت، چونکە تۆ لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەتوانیت حکوومەتی نوێ پێکبهێنیت و پەرلەمانی نوێ هەڵبژێریت، کە دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا. ئەو کێشانەی پارتەکانیش هەیانە دەتوانن بە پڕۆسەی هەڵبژاردن چارەسەری بکەن."