گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: پرسی مووچە بە تەواوەتی چارە کراوە

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، "پرسی مووچە بە تەواوەتی چارە کراوە". دەشڵێت، حکوومەتی عێراق "وەڵامێکی ئەرێنی" لەبارەی خەرجکردنی سێ مووچەکەی ساڵی ڕابردوو نەداوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17-04-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا؛ دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار و سێ مووچەکەی کۆتایی ساڵی ڕابردوو کرد.

 گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی گوتی، "پێمانوایە پرسی مووچە بە تەواوەتی چارەسەر بووە. لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، جەخت لەوە کرایەوە، بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بووە و پرسی مووچە چیدیکە نابێتە گرفت، چونکە مافێکی بنەڕەتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە".

لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار (نیسان)، هونەر جەمال گوتی، "حکوومەتی عێراق مانگانە لە دوای 18ـی مانگەوە مووچە دابەش دەکات. سەرەتا مووچەی خانەنشینان (بۆ هەرێمی کوردستان) دەنێرێت، دواتر مووچەی وەزارەت و فەرمانگەکانی دیکە دەنێرێت. بەو پێوەرەبێت، دەبێت هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی مووچە لە عێراق دەستپێبکات و ئێمەش تا ئەو کاتە هەموو ئامادەکارییەک دەکەین بۆ ئەوەی لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی بەغدا بکەین، تاوەکو لە کاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکەین".

لەبارەی خەرجکردنی مووچەی هەر سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەوەی خستەڕوو، پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای خەرجکردنی ئەو سێ مووچەیەی کردووە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، تاوەکو ئێستا "وەڵامێکی ئەرێنیمان بەدەست نەگەیشتووە کە چۆن مامەڵە (لەگەڵ ئەو سێ مووچە) دەکرێت. واتا عێراق ئەو پارەیەی خەرج نەکردووە، چونکە یاسای بودجە وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە".