بارسێلۆنا دوو پاڵێوراوی بۆ شوێنی چاڤی دیاریکردووە

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا

دوای دۆڕانەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر پاریس سانجێرمان، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و دەرکردنیان لە پاڵەوانتیەکە، جارێکی دیکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە بەرپرسانی یانەکە، بیر لە شوێنگرەوەی راهێنەری یانەکەیان دەکەن.

دوای ئەوەی چاڤی هێرناندێز پاش دۆڕانەکەی بەرامبەر ڤیاریاڵ لە لالیگا رایگەیاند دوای ئەم وەرزە واز لە راهێنەرایەتی بارسێلۆنا دێنێت، بەڵام بەهۆی ئەنجامە باشەکانی ئەم دواییەی یانەکە، هاکێشەکە پێچەوانە بووەوە و هەموو هەوڵێک بۆ ئەوە بوو، چاڤی رازی بە مانەوە بکرێت.

سەرەڕای ئەوەی ئێستا بەرپرسانی بارسێلۆنا هەموو سەرنجیان لەسەر یاریی کلاسیکۆی هەفتەی داهاتووە بەرامبەر ریاڵ مەدرید، بەڵام لێرە و لەوێش دەنگۆیەک هەیە، چیدیکە لاپۆرتا و ستافەکەی، متمانەیان بە چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەکەیان نەماوە.

ئەمڕۆ چوار شەممە دوو سەرچاوەی دیاری ئیسپانیا، واتە رۆژنامەی سپۆرت و هەروەها ئاس بڵاویان کردەوە، دێکۆ بەرێوەبەری وەرزشی یانەکە، هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو، رافا مارکێز یاریزانی مەکسیکی پێشووی یانەکەیان، لە شوێنی چاڤی بکاتە راهێنەری یانەکەیان.

رافا مارکێز تاکە پاڵێوراوی یانە کەتەلۆنیەکە نیە، بەڵکو چەند پاڵێوراوێکی دیکەش هەن، لەوانەش هانس فلیک راهێنەری پێشووی یانەی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، ئەو راهێنەرەش پاڵێوراوی خودی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکەیە.

رافا مارکێز بژاردەیەکی ئاسانترە بۆ بارسێلۆنا، لەبەر ئەوەی ئەو راهێنەرە بە بێ هیچ تێچووەک دەتوانێت ببێتە راهێنەری ئەو یانەیە، ئەمەش چانسێکی باش بە راهێنەرەکەی تیپی دووەمی بارسا دەدات، وەرزی داهاتوو لە شوێنی چاڤی، ببێتە راهێنەری تیپی یەکەمی یانەکەی.

رافا مارکێزی لە ساڵی 2018 بۆ جاری یەکەم، دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کردووە، ئەو کات بووە یاریدەدەری راهێنەری یانەی ئەتڵەسی وڵاتەکەی، پاشان لە ساڵی 2020 بووە راهێنەری تیپی لاوانی یانەی ئالکای ئیسپانیا و نزیکەی دوو ساڵیەش راهێنەرایەتی تیپی لاوانی بارسێلۆنا دەکات.