بوومەلەرزەیەک بە گوڕی زیاتر لە شەش پلە ژاپۆنی هەژاند

K24 – هەولێر

لە باشووری ڕۆژئاوای ژاپۆن بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلە ڕوویدا، و لە ئەنجامدا هەشت کەس برینداربوون، بەبێ ئەوەی بومەلەرزەکە هۆشداریی تسونامی لێبکەوێتەوە.

دەسەڵاتداران لە ژمارە سەرەتاییەکاندا ڕایانگەیاند، بریندارەکان زۆربەیان بەهۆی کەوتنەخوارەوەی کەلوپەلەوە بووە و برینەکانیان سووکە. هەروەها ئاماژەیان بەوەشکرد، زیانی ماددی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زۆر کەم بووە.

لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، ناوەندی بوومەلەرزەکە لە کەناڵێکدا بووە کە دوورگەکانی کیۆشو و شیکۆکو جیا دەکاتەوە، بە نزیکەی 18 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای ئاواجیمە، بە قوڵایی 25 کیلۆمەتر دوورە.

لای خۆیەوە دەزگای کەشناسی ژاپۆن ڕایگەیاند، قەبارەی بوومەلەرزەکە گەیشتووەتە 6.4 ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی مەترسی ڕوودانی تسونامی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە نییە.

هەروەها دەسەڵاتی ڕێکخستنی ئەتۆمی ژاپۆن لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە وێستگەی کارەبای ئەتۆمی ئیکاتا لەم ناوچەیەدا بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکات.

لە ڕۆژی سەری ساڵی ئەمساڵدا بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.5 پلە لە ژاپۆن ڕوویدا، کە نیمچە دورگەی نۆتۆی گرتەوە و زیاتر لە 230 کەس گیانیان لەدەستدا، ژمارەیەکی زۆریش لە ئەنجامی داڕمانی بالەخانە کۆنەکان گیانیان لەدەستدا.

ژاپۆن لە مانگی ئازاری ساڵی 2011دا کوشندەترین بوومەلەرزەی بە گوڕی 9.0 بوو، ناوەندی بومەلەرزەکەی لە کەنارەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن بوو، بووە هۆی تسونامی کە نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی کوشت و زۆربەشیان بێسەروشوێن بوون.

ئەم کارەساتە بووە هۆی داڕمانی سێ ڕیاکتۆر لە کارگەی فۆکوشیما کە خراپترین کارەسات بوو لە ژاپۆن لە قۆناغی دوای جەنگی جیهانی دووەم ڕووبدات.