کارگێڕی بارسێلۆنا کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لەگەڵ چاڤی هێرناندز ئەنجامدەدات

چاڤی هێرناندز، راهێنەری بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندز، راهێنەری بارسێلۆنا

بڕیارە کارگێڕی یانەی بارسێلۆنا کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لەگەڵ چاڤی هێرناندێز، راهێنەری تیپی یەکەمی یانەکە ئەنجامبدات.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ"ی ئیسپانی، دوای یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر ریاڵ مەدرید، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کاتژمێر 22:00 بەڕێوەبچێت، کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە و چارەنووسساز لە نێوان چاڤی هێرناندێزی راهێنەر، یاریزانانی بارسێلۆنا، خوان لاپۆرتای سەرۆك و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە کەتەلۆنییەکە ئەنجامبدرێت.

رۆژنامەکە نووسیویەتی: کارگێڕی بارسێلۆنا دەیانەوێت بزانن ئایا بڕیاری ڕۆیشتنی چاڤی لە کۆتایی ئەم وەرزە کۆتاییە یان ئەگەر هەیە بڕیارەکەی بگۆڕێت و بمێنێتەوە؟ چونکە راهێنەرە ئیسپانییەکە تا 30ی حوزەیرانی 2026 لەگەڵ بارسێلۆنا گرێبەستی هەیە.

لە کۆتا لێدوانیدا خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا ئەوەی نەشاردەوە، کە دەیانەوێت چاڤی لەگەڵیان بمێنێتەوە و وەرزێکی دیکەش بەردەوام بێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کارگێڕی بارسێلۆنا نایانەوێت لەوە زیاتر کات بەفیڕۆ بدەن، چونکە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی راهێنەرە لاوەکە دەکەن، وەک پێزانینێك بۆی، کە ئەفسانەیەکی یانەکەیە و دەیانەوێت بە زوویی چارەنووسی یەکلایی بکەنەوە.

هەروەها رۆژنامەکە زانیویەتی، ئەگەر چاڤی بەردەوام نەبێت، بژاردەی یەکەم بۆ راهێنەرایەتی یانە کەتەلۆنییەکە، رافا مارکیزی مەکسیکی، راهێنەری تیپی لاوان شوێنی دەگرێتەوە و دواتر بەدوای راهێنەرێکی دیکەدا دەگەڕێن.

بۆ بیرهێناوە، چاڤی هێرناندز پێش چەند مانگێك بڕیاریدا کۆتایی ئەم وەرزە واز لە راهێنەرایەتی بارسێلۆنا بهێنێت، تەنانەت ئەگەر نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگیش بەدەستبهێنێت.

رۆژی سێشەممەی رابردوو یانەی بارسێلۆنا لەناو یاریگەی خۆی بەرامبەر پاریس سانجێرمان شکستی هێنا و لە چامپیۆنزلیگ کرایە دەرەوە، رۆژی یەکشەممەش لە کلاسیکۆ بەرامبەر ریاڵ مەدرید یاریی دەکات.